رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەن بۆ رادەستکردنی ئەو هاوکارییانەی وەزارەتی تەندروستی و ئەو هاوکارییانەی لەلایەن هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی تورکیا و باکوری کوردستان کۆکراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 05-04-2023، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد."
د. سامان بەرزنجی گوتی: "لەو هەڵمەتەدا رێکخراوە مرۆییەکان و کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمان هاوکارییەکی زۆریان کردین و توانیمان نزیکەی 50 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکی کۆبکەینەوە کە 258 بابەتی پزیشکی لەخۆدەگرێت."
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماژەیدا: "بۆ گەیاندنی ئەو هاوکارییانە هەموو رێکارەکانمان لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنسوڵخانەی تورکیا گرتووەتەبەر و سەرجەم دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە فیلتەری کۆنتڕۆڵی جۆریدا تێپەڕیون بۆ ئەوەی پێداویستییە پزیشکییەکان بە کوالیتییەکی بەرز پێشکێشی بوومەلەرزەلێدراوان بکرێت."
بڕیارە ئەمڕۆ ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکیانە رەوانەی تورکیا بکرێت و وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو بارهەڵگرانەی پێداویستییە پزیشکییەکانیان هەڵگرتووە، تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی تا شاری ئەدەنەی تورکیا دەچن و لەوێ بە فەرمی رادەستی حکومەتی تورکیایان دەکەن و دەگەڕێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ