بە تۆمەتی بیرلێدان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەرچوو


رووداو دیجیتاڵ 

بە تۆمەتی لێدانی بیری ئاو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەکرا؛ بەڕێوەبەرەکە دەڵێت، هەموو رێکارێکی یاسایی بۆ لێدانی بیر گرتووەتەبەر و کاتێک فەرمانەکە دەرکراوە هیچ کارێکی لە دروستکردنی بیردا نەکردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، ئاری رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ لە هەولێر بووم بیستم کە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرکراوە؛ ئەوەش دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە داوای دروستکردنی بیرێکم بۆ باخەکەم کردووە، کە خۆم و خێزانەکەم تێیدا دەژین و سەرقاڵی وەرگرتنی مۆڵەت بووم بۆی." 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی کە خۆیان لایەنێکی جێبەجێکاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەن بیریی نایاسایی لێدەدەن، دەڵێت: "دووشەممەی رابردوو [کۆمپانیایەک] گوتیان ئامێرێک دەهێنین بۆ لێدانی بیرەکە، بەڵام کاری تێدا ناکەین تاوەکو مۆڵەتەکە تەواو دەبێت؛ ئامێرەکەیان هێنا، بەڵام نەیانهێنایە شوێنی بیرلێدان و دایاننا، دوای کاژێر 06:00ـی ئێوارە پەیوەندیم پێوەکردن و گوتم، وەرن لایبەن، ناحەزم هەیە و خۆشم بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانم حەزناکەم لێرەبێت تاوەکو مۆڵەتەکە تەواو دەبێت، گوتیان باشە." 
 
ئاری رەئووف کە لەسەر پشکی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە، گوتی، پێش ئەوەی خۆیان ئامێری بیرلێدانەکە لاببەن مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەڕەکی راپەڕین نێردراوەتە سەر باخەکەی و پێیان گوتووە بیرتان لێداوە. دەشڵێت: "بە ئەفسەرەکەی پۆلیسیم گوت: ئەو ئامێرە کاری کردووە؟ چەکوشی کاری پێوەیە؟ گوتی نەخێر. گوتم خۆم پۆلیسی دارستانم و هەر ئامێرێک کاری نەکردبێ تاوەکو مانگێکیش دانرابێت کەس بۆی نییە نزیکی بێتەوە، چونکە کاری پێنەکراوە و تاوانی پێ نەکراوە." 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گوتی، پۆلیسەکان گوتوویانە دادوەر ئاگادارە و ئامێرەکە دەبێت دەستی بەسەردابگیرێت. گوتیشی: "منیش گوتم ئامێرەکە دووربخەنەوە؛ رۆژی دواتر پەیوەندیم بە کەسێکەوە لە کۆمپانیاکە کرد و هەواڵم پرسی، ئەویش گوتی شۆفێرێکی لای ئێمەیان دەستبەسەرکردووە." 
 
ئاری رەئووف بەشێکی هۆکاری دەرکردنی فەرمانەکەی بۆ هۆکاری سیاسیی گەڕاندەوە و گوتیشی، فەرمانەکە بەجۆرێک دەرکراوە گوایە ئامێری لێدانی بیر لە ماڵەکەمدا کاری کردووە. 
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "کاتێک بۆ کارێکی وەها پۆلیس دەچێتە سەر رووداوێک راستەوخۆ دەبێتە سکاڵاکار مەفرەزەکە، ئەگەرنا کەسی بەرامبەرم نەبووە کە سکاڵای تۆمار کردبێت." 
 
دەبێت فەرمانەکەی دادوەر ببرێتە وەزارەتی ناوخۆ و وەزیر رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت. ئاری رەئوف گوتی: "جەنابی وەزیری ناوخۆ ئاگادارە و دوێنی لەسەر هێڵ بووە و قسەی لەگەڵدا کردووم."