ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: بازاڕی لەنگە تێکنادرێت


رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە باس لەوە دەکرێت بازاڕی لەنگەی هەولێر تێکدەدرێت و دووکاندارەکان دەگوازرێنەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش رایدەگەیێنێت، "ئەو هەواڵە لە راستییەوە دوورە و بازاڕی لەنگە تێکنادرێت." 
 
رۆژی سێشەممە 5ـی نیسانی 2022، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵە لە راستییەوە دوورە کە گوایە بازاڕی لەنگەی هەولێر تێکدەدرێت و گرێبەستی دووکاندارەکان نوێ ناکرێتەوە."
 
عەلی رەشید ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ئەوەی بازاڕی لەنگە سووتا و دووکاندارەکان زیانێکی زۆریان کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکیان بکات بەڵێنی دانێ کە 10 ساڵ گرێبەستییان بۆ نوێ بکاتەوە و لە سێ ساڵی خۆش بێت، بەڵام دواتر کە نۆژەنکرایەوە و هاتە سەر ئەوەی ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکرێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمەی بۆ وەزارەت بەرز کردەوە. وەزارەتیش رەزامەندیی لەسەر هەشت ساڵ نوێکردنەوە و سێ ساڵ لێخۆشبوون داوە. 
 
لە رۆژی یەکشەممە 2022/04/03 سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ دووکاندارەکانی لەنگە بڵاوکردووەتەوە کە بچن گرێبەستەکە نوێ بکەنەوە بۆ هەشت ساڵ و سێ ساڵی لێخۆشبوون. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، "ئێستا دووکاندارەکان بوونەتە دوو بەشەوە. ئەنجوومەنی دووکاندارەکان رەزامەندییان دەربڕیوە. هەر دووکاندارێکیش دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە دەتوانێت سەردانی شارەوانیی هەولێر بکات."
 
عەلی رەشید جەختی لەوە کردەوە، "ئەو قسانە راست نین کە بازاڕەکە دەگوازرێتەوە، ئەگەر بگوازرایەتەوە گرێبەستەکانیان نوێ نەدەکرایەوە. وەزارەتی شارەوانی هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی نییە و ئەوانیش وەکو ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رازی نابن ئەو بازاڕە تێکبدرێت."
 
لە هەولێر ئەو هاونیشتمانییانەی لە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک زەوییان هەیە گلەیی ئەوە دەکەن کە ناتوانن لە زەوییەکانیاندا خانوو بکەنەوە و باس لەوە دەکەن، بەشێکی زۆریان کرێچین. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد، "خەڵکێکی زۆر لە گەڕەکی 8ـی حەسارۆک داوای ئەوە دەکەن زەوییەکانیان دابەشی دوو بکەن. ئەوەش گوشارێکی زۆرە و گرفتی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییان بۆ دروست دەکات. هەر کەسێک بیەوێت زەوییەکەی بکات بە خانوو، مۆڵەتی دەدرێتێ، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە داوای هەموو خزمەتگوزارییەکان دەکەن ئینجا مۆڵەتی خانووکردن." 
 
ئاماژە بەوەش دەکات، "لە هەولێر لە دوای ساڵانی دەیەی 90ـی سەتەی پێشووەوە هەمیشە خەڵک خانووی کردووە، ئینجا حکومەت لە کوێ خانووی زۆر کراوە لەوێ خزمەتگوزاریی پێشکەش کردووە. پێویستە لە  8ـی حەسارۆکیش خانوو بکرێت، چونکە 16 هەزار پارچە زەوین بۆ ئەوەی حکومەت بزانێت لە چ ناوچەیەکی زۆرترین خانووی تێدایە تاوەکو خزمەتگوزاریی بۆ ببات." 
 
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی هەولێریشەوە، عەلی رەشید گوتی، ژمارەی بانکیی زیانلێکەوتووانی لافاوەکان گوژمەیەکی باشی بۆ قەرەبووکردنەوەیان تێدایە، بەڵام نازانن پلانی پارێزگا بۆ دابەشکردنی ئەو پارەیە چییە و کەی دابەشی دەکات.