زەرفی نایلۆن مەترسیی بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە

07-04-2022
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
زەرفی نایلۆن مەترسیی بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە
زەرفی نایلۆن مەترسیی بۆسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە نانەواخانەکانی هەرێمی کوردستان، نانی گەرم دەکرێتە ناو نایلۆن و دەدرێت بە کڕیارەکان، ئەوەش نیگەرانیی رێکخراوە ژینگەییەکانی لێکەوتووەتەوە، چونکە جگە لە زیانە تەندروستییەکان، بەبڕوای ئەوان زیانی زۆری بۆ ژینگەش هەیە.
 
لە نانەواخانەیەکی هەولێر نانە گەرموگوڕەکان لە تەندوور دەردێنن و لەناو نایلۆن دەیدەن بە کڕیارەکانیان، لەو نانەواخانەیە رۆژانە زیاتر لە 500 نایلۆن دەدرێت بە خەڵک. رێبوار سەردار، خاوەنی نانەواخانەکە بە رووداوی گوت، "ئێستا کە زۆربەی کڕیارەکانم دێن بۆ نان، دەڵێم بە گەرمی مەیکە ناو نایلۆنەکە، چونکە دەبێتەوە هەویر."
 
بە دەستپێشخەریی ئیکۆ ڤایتەڵ کە رێکخراوێکی ژینگەییە، لە هەولێر کۆبوونەیەک ئەنجامدرا تاوەکو ئەنجامی 8 مانگەی "پڕۆژەی نەهێشتنی پلاستیک لە شاری هەولێر" بخەنەڕوو. 
 
پڕۆژەکەیان بە چاودێری undp و یارمەتی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێکردووە، جگە لە هۆشیاری، ملیۆنێک زەرفی کاخەزیان بەسەر 500 نانەواخانە و سەمونخانە دابەشکردووە. ئەوەش وەکو هەنگاوێکی سەرەتایی کە رەنگە بەشی 5 رۆژیشیانی نەکردبێت.
 
گەلاوێژ بایز، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئیکۆ ڤایتەڵ باسی لەوە کرد، "ئامانجەکە ئەوە نەبوو ئێمە بەردەوامبین و کاخەز بەسەریان دابەش بکەین، بەڵکو تەنیا ئامانجمان ئەوە بوو پیشانی بدەین کە کاخەز باشترە لە نایلۆن."
 
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگە ئاماژە بەوە دەکات، "لە مانگی 10ـی ساڵی 2020 نووسراوێکمان کرد بۆ وەزارەتی بازرگانی و تێیدا داوامانکرد کە کۆتایی بێنن بە هاوردەکردنی ئەم زەرفە نایلۆنە و پەنابەرینە بەر کاخەز، بەڵام دیارە بەشێوازێک لە شێوازەکان ئەنجام نەدرا." 
 
چەند زیانێکی نایلۆن بۆ ژینگە:
 
- زیاتر لە هەزار ساڵی پێویستە تاوەکو لە ژینگە شیببێتەوە
- ریسایکلکردنەوەی زۆر زەحمەت و گرانە 
- کە دەچێتە نێو خاک دەبێتە هۆی وشکبوونی دار و سەوزایی
- بەربەستێک لەنێوان ئاوی ژێرزەویی و سەرزەوی دروست دەکات 
- ئەگەر بسوتێنرێ چەندین گازی ژەهراوی بڵاودەکاتەوە کە هۆکارن بۆ شێرپەنجە 
 
عەبدوڵڵا عەبدولحەمید، دووکاندارە و باس لەوە دەکات، "کاخەز باشترە، نایلۆن کوشندە و ژەهراوییە." 
 
عەبدولوەهاب ئەحمەد، دووکاندارێکی دیکەیە و ئاماژەی بەوە کرد، "کاخەزەکە باشتر و جوانترە، بەڵام دەبێ بۆ نانەواخانە و سەمونخانەکان دابینبکرێت." 
 
لەکاتێکدا جیهان بەرەو بازاڕێکی بێ نایلۆن هەنگاو دەنێت و لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی بە تەواوەتی قەدەخە کراوە، بەڵام رۆژ دوای رۆژ بەرهەمێنان و بەکارهێنانی ئەو نایلۆنە زیانبەخشانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن. 
 
بەپێی ئاماری دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، 21 کۆمپانیای نێوخۆیی زەرفی نایلۆن بەرهەمدەهێنن کە تەنیا ٪15 پێداویستیی بازاڕ پڕدەکاتەوە و 85٪ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و بە پلەی یەکەم لە وڵاتی ئێرانەوە دەیهێنن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی.

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دا: پارتی تاکە ئومێدی خەڵکی کوردستانە

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی لە یادی 16ی ئابدا پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایدەگەیەنێت، پارتی خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری و فیداکاری و بەرگریکردنە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.