رووداو - هەولێر
لەسەر بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتوو، حزب و لایەنە سیاسییەکان لەسەر یەک مێز و لە بینای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببەوە.
لە پەیامی نەورۆزی ئەمساڵدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی کرد بۆ گفتوگۆ. فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە بۆ کۆبوونەوەکە و دەشڵێت، کۆبوونەوەکە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو ساردوسڕییەی لەپێشدا هەبوون، بەتایبەت نێوانی یەکێتی و پارتی، نەمێنێت.
فەلاح مستەفا دەڵێت "کۆبوونەوەی لەم شێوەیە کە هەموو لایەنەکان بەیەکەوە راشکاوانە و راستگۆیانە لەسەر مێز دادەنیشن، زۆر گرنگە بۆ بوونی تێگەیشتنی هاوبەش، بۆئەوەی ئاشنایی زیاتر هەبێت و ئاگاداری هەنگاوەکانی داهاتووش بن. لەبەر ئەوەی پێکهاتەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لایەنێکی سەرەکیی تێدا بەشدارن، بوونی تێگەیشتنی تەواو لەلایەن ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لەناو ئەو کۆبوونەوە، زۆر گرنگە؛ یەکەم بەرچاوڕوونییان دەبێت، هەروەها هاوکار دەبن لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە".
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەوان لە حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ حیزبەکانی دیکە هاوبەشی بەڕێوەبردنن، هەربۆیە ئەگەر لە رابردووش گرژییەک لەنێوان یەکێتی و پارتی هەبووبێت ئەم کۆبوونەوەیە ئەوە دەڕەوێنێتەوە و بانگهێشتنامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رەت ناکەنەوە و ئامادە دەبن.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەسەر ئاستی باڵا لە یەکێتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەو حیزبە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات.
بزووتنەوەی گۆڕانیش لەڕێگەی رووداوەوە دەڵێن، ئامادەی دانیشتنەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبن و دەرگای ئەوان هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ گفتوگۆ. دلێر عەبدولخالق، گوتەبێژی بزووتنەوەکە دەڵێت، هیچ کۆبوونەوەیەک رەت ناکەنەوە ئەگەر بزانن خزمەت بە بەرژەوەندیی میللەت دەکات.
دوای زیاتر لە ساڵیک، ئەمە یەکەمین جارە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان پێکەوە ئەنجام بدرێت، ساڵی پار و لە 4/3/2020 بە هەمان شێوە هەر بە دەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هاوشێوە بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ