یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵی گەلاوێژ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەڕێوەچوو

06-04-2018
 ئەمساڵ بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی دەرگای فێستیڤاڵەکەی ئەوەندە بچووککردەوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم نووسەری بیانی بە کورد بناسێنێت.
ئەمساڵ بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی دەرگای فێستیڤاڵەکەی ئەوەندە بچووککردەوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم نووسەری بیانی بە کورد بناسێنێت.
نیشانەکردن فێستیڤاڵی گەلاوێژ
A+ A-

رووداو-سلێمانی

21 مین خولی فێستیڤاڵی ئەدەبی و هونەری گەلاوێژ رۆژی پێنجشەممە جیاواز لە ساڵانی رابردوو و بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کورد، عەرەب و ئێرانی لە سلێمانی دەستیپێکرد.

ساڵانی رابردوو، فێستیڤاڵی گەلاوێژ 5 رۆژ بەردەوام دەبوو، بەڵام ئەمساڵ 3 رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژی شەممە کۆتایی دێت. 

کەمبوونەوەی میوانەکانی خولی 21ی فێستیڤاڵی گەلاوێژ ژمارەی بابەتە بەشداربووەکانیشی کەمکردەوە، ئەمساڵ تەنیا 16 پارچە شیعر، 8 کورتە چیرۆک و 7 لێکۆڵینەوەی کوردی بەشداری کێبڕکێی خەڵاتەکان دەکەن.

مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی فێستیڤاڵەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنها فێستیڤاڵی گەلاوێژە کە 21 ساڵە بەردەوامە نەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فیستیڤاڵەکانی دەوڵەتان هەیە ئەمانە بەپێی سیاسەتی دەوڵەتەکان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەم فێستیڤاڵە بەپێی پێویستییەکانی روناکبیری و رۆشنگەری و ئازادی بەڕێوە دەچێت".

خولی 21ی فێستیڤاڵی گەلاوێژ جیاواز لە هەموو خولەکانی رابردوو بەڕێوەچوو، چونکە قەیرانی دارایی ژمارەی میوانەکانی بەرادەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە و تەنها 7 میوانی ئێرانی، 6 نووسەری رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو نوسەری مەغریبی و سێ میوان لە بەغداوە بەشداریان تێداکرد.

نەوزاد ئەحمەد، سەرۆکی بنکەی روناکبیری گەلاوێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری دووەم کە میوان کەمبوو ئەوەیە کە ئێمە ژمارەیەکی زۆر ئەدیب و نوسەر و بیرمەندمان لە وڵاتانی دیکەوە بانگهێشتکردبوو بەڵام بەداخەوە باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتانە ڤیزەی بە زۆربەی ئەو میوانانە نەبەخشی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە ئەم میوانانە نەیەن بەتایبەت لە میسرەوە".

لە 21 ساڵی تەمەنی گەلاوێژدا کەم ساڵ هەبووە فێستیڤاڵ بەبێ میوانانی ئێرانی بەڕێوەبچێت لەبەر ئەوەی ئێرانییەکان هەم ئاشنای گەلاوێژن هەم ئەدەبی کوردی.

محەممەد قاسم زادە نووسەرێکی ئێرانیە و خاوەنی 30 کتێبی جۆراوجۆرە، بە ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد ئاشنای ئەدەبی کوردی بووە و ئێستاش سەرسامی کتێبەکانی بەختیار عەلییە.

محەممەد قاسم زادە کە نووسەرێکی فارسە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێگەی گەلاوێژ زۆر بەرزە و لە ئاستێکی باڵادایە، دەبێت ئەم فێستیڤاڵە تەنها لەگەڵ خۆی بەراورد بکرێت چونکە تەنها یەک گەلاوێژ هەیە ئێمە لەگەڵ تاجیکستان و تورکمانستان و ئەفغانستان دراوسێین بەڵام لەگەڵ هیچ لایەکیان پەیوەندییەکی وامان نییە، لەکاتێکدا ئەوان وڵاتی سەربەخۆن و ئابووری بەهێزیان هەیە بۆیە دەبێت ئەم فیستیڤاڵە بەرز بنرخێندرێت".

گەلاوێژ لە چەند ساڵی تەمەنیدا دەرگایەکی گرنگی تێکەڵبوونی ئەدەبی کوردی بووە بە ئەدەبیاتی گەلانی دیکەی ناوچەکە، بەڵام ئەمساڵ بارودۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی دەرگاکەی ئەوەندە بچووککردەوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم نووسەری بیانی بە کورد بناسێنێت.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە