ENEX ئەندامبوونی رووداوی راگەیاند


رووداو – لۆكسمبۆرگ

تۆڕی پەیوەندی میدیاكانی جیهان ENEX (ئێنێكس) واتە ئاڵوگۆڕی هەواڵی ئەوروپی ، ئەندامبوونی تۆڕی میدیایی رووداوی لەو یانە گەورە جیهانییەی تەلەڤزیۆنە نێودارەكانی جیهاندا راگەیاند.

(ئێنێكس) تۆڕێكی هاوبەشی گەورەی میدیایی جیهانییە و، 50 تەلەڤزیۆنی بەنێوبانگی جیهان تێیدا ئەندامن و ئاڵوگۆڕی هەواڵ و شارەزایی و هاوئاهەنگی پێكەوە ئەنجامدەدەن ، لە راگەیێندراوێكدا ئەندامبوونی رووداوی راگەیاند .

گوتەبێژی تۆڕی میدیایی رووداو ، ئەو هەنگاوەی بە گرنگییەوە نرخاند و رایگەیاند "تۆڕی میدیایی رووداو لەماوەی رابردوودا توانی ئاستی كاری میدیایی و تەلەڤزیۆنیی لە كوردستاندا بەرزبكاتەوە ، ئەو هەنگاوەش بەشێكە لە پلانی رووداو بۆ تێكەڵاوبوون و هاوكاریكردن لەگەڵ تەلەڤزیۆن و دەزگا میدیاییە گەورەكانی جیهاندا "، هەروەها گوتەبێژی رووداو روونیكردەوە كە "بەوشێوەیە هەواڵەكانی كوردستان بەلۆگۆی رووداوەوە دەگەنە سەر شاشەی هەموو ئەو گەورە تەلەڤزیۆنانە، هەروەها هەموو كاری ئەو تەلەڤزیۆنانەش لەبەردەستی ئێمە دەبێت وەك بەرهەمێك بۆ رووداو، چونكە ئێمە رێككەوتنێكی تایبەتی یەك ساڵەمان هەیە ". هەروەها گوتەبێژی رووداو گوتی " بەڕێوەبەر و هاوكارانی رووداو لە رێگەی كۆبوونەوە بەردەوامەكانەوە ، شارەزایی لە گەورە تەلەڤزیۆنەكانی جیهان وەردەگرن".

(ئێنێكس) ئەندامانی لە كیشوەرەكانی ئەوروپا ، ئەمریكا ، ئەفریقیا و ئاسیا هەیە و لەساڵی 1993وە دامەزراوە.

(ئێنێكس) لەساڵی 1993 بۆ دروستكردنی كاری هاوبەش ، بەبەشداری چەند تەلەڤزیۆنێكی ئەوروپی و وەك RTL، M6، CLT بە سەركردایەتی گرووپی RTL دامەزرا و دواتر فراوانبوو بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپی و ئەمریكا و ژمارەیەك كەناڵی بەنێوبانگی جیهانی تێیدا بەشدارن ، لەوانەش كەناڵی CBSی ئەمریكی و سكای نیوزی بەریتانی ، فۆكسی ئەڵمانی و چەند كەناڵێكی دیكەی بەنێوبانگی جیهان .

ئەمەش دەقی راگەیێندراوەكەی ئێنێكسە سەبارەت بە ئەندامبوونی رووداو لەو تۆڕە جیهانییەدا :

http://www.enex.lu/public/rudaw-pushes-enex-pass-50-mark/

بۆ یەكەمین جار لەماوەی 21 ساڵی تەمەنیدا، ئێنێكس ژمارەی ئەندامەكانی لە پەنجا ئەندام تێپەڕاند ، ئەویش لەگەڵ هاوبەشێكی نوێیدا لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە.

تۆڕی میدیایی رووداو گرووپێكی مەڵتیمیدیاییە ، بە كەناڵێكی هەواڵی تەلەڤزیۆنی ئێچ دی، رادیۆ، پۆرتاڵ ، ئەپلیكەیشن و هەفتەنامەیەك . ئەو تۆڕە هەواڵییە پەخشێكی فراوانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریكا هەیە .

كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكە بەهەردوو دیالێكتیكی سۆرانی و كرمانجی بە زمانی كوردی پەخشدەكات ، پۆرتاڵەكەشی بە زمانی ئینگلیزیش كاری خۆی دەكات و رووداو ئێستا لە سۆشیالمیدیاشدا زۆر چالاكە.

سەنتەری سەرەكی رووداو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و خاوەنی نێردراو و پەیامنێرە لە جیهاندا.

سەبارەت بە پەیوەندیكردنی رووداو بە ئێنێكسەوە، ئاكۆ محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی رووداو، گوتی: "ئێمە زۆر دڵخۆشین بەو هاوبەشییە لەگەڵ هاوكار و هاوپەیمانێكی جیهانی وەك ئێنێكسدا ، كە بەوجۆرە پەیوەندی لەگەڵ سەركردە میدیاییەكانی جیهاندا بكەین و لە ئاڵوگۆڕی هەواڵدا بەشدرابین".

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەنتەرێكی گرنگی هەواڵە و ئێنێكس پێیخۆشە لێرەوە دەست بە گەشەپێدانی مۆدێلی هاوكارییەكانی بكات.

تیمی هەواڵیی رووداو زۆر بە چڕی و وردی توانیویەتی رووماڵی رووداوەكانی ئێستا و بەرەنگارییەكانی هێزی پێشمەرگە بكات لە بەرامبەر میلیشیاكانی داعش لە عێراق و لە سووریاش . بەو دواییانە پەیامنێرانی رووداو توانییان لەنێو شاری كۆبانێوە رووماڵی رووداوەكان بكەن و ڤیتییەكانیان بنێرن ، كە ئەو شارە ئێستا بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵی كورددایە.