رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە یادی راپەڕیندا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "راپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی روون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت".
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر دەستپێکی راپەڕینی باشووری کوردستان تێدەپەڕێت کە دامودەزگەی رژێمی بەعسیان وەدەرنا.
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆک بارزانیدا ئاماژە بەوە کراوە، "بە بۆنەی سی و چوارەمین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم".
ئاماژە بەوەش دەکات، "راپەڕین یەکێکە لە سەروەری و دەستکەوتە گرانبەهاکانی گەلی کوردستان. لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و قارەمانێتی پێشمەرگە و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا راپەڕین هاتەدی و سەركەوتنی بەدەست هێنا. راپەڕین لە دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکەر، پەیامێکی ڕوون بوو کە سەرباری بوونی زوڵم و سەرکوتکاری و تۆقاندن، گەلی كوردستان زیندووە و ئازادی و سەربەستی دەوێت. راپەڕین ئەو راستییەی سەلماند كە داگیركاری و ستەم چەندە بەهێزیش بن، سەرئەنجام هەر كۆتایی دێت و ئەوە ئیرادە و هێزی گەلی كوردستانە كە براوە دەبێت".
سەرۆک بارزانی دەشڵێت، "لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لە بەها پیرۆزەكانی راپەڕین و پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە. سڵاو بۆ رۆحی بەرزی شەهیدانی راپەڕین و هەموو شەهیدانی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان دەنێرین، کە بە خوێنی پاكیان ئازادی و سەربەستیان بۆ گەلەكەمان هێنایە دی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ