تەندروستیی سلێمانی دەڵێت تەنیا توانای دابینکردنی 30٪ـی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی هەیە

05-03-2025
نزار جەزا
   نزیکەی 40 هەزار نەخۆشیی شەکرە لە سلێمانی هەیە.
نزیکەی 40 هەزار نەخۆشیی شەکرە لە سلێمانی هەیە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاونیشتمانییەک لە سەنتەری شەکرەی سلێمانی یەکێک لە دەرمانە سەرەکییەکانی پێنەدراوە، لەدەرمانخانەکە پێیانگوتوە، حکومەت پارەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی نەداوە، کۆمپانیاکانیش بۆمان ناهێنن و بڕۆ لە دەرەوە بیکڕە.
 
عەلی کەریم لە عەلوەی سلێمانی کرێکاری دەکات، دەبێت لانیکەم دوو رۆژ کار بکات تاوەکو بتوانێت ئەو حەپە بکڕێت.
 
عەلی کەریم، نەخۆشیی شەکرەی هەیە و لەبارەی وەرگرتنی حەپەکانی دەڵێت: "لە دوو جۆر حەپ یەکێکیانم وەرنەگرتووە، ئەویش بە 20 هەزار دینارە، توانای کڕینیشم نییە، بەڵام ناچارم ئەگەر نەیکڕم دەمرم، شەکرەمە نەیخۆم زیاد دەکات و زۆر خراپ دەبم."
 
بەپێی ئاماری سەنتەری شەکرە و کوێرە گلاندەکانی سلێمانی نزیکەی 40 هەزار نەخۆشییان هەیە و مانگانە دەرمانیان پێدەدەن.
 
عیسمەت فەریق، نەخۆشیی درێژخایەنی هەیە و باس لەوە دەکات، "دەرمانی شەکرەم بە 50 هەزار دینار کڕیوە، دەرمانی چەورییەکەم بە 30 هەزار دینار کڕیوە، بەشی مانگێکیش ناکەن، ئەم مانگە توانام نەبوو دەرمانی شەکرەکەم بکڕم، بەهۆیەوە شەکرەکە داویەتی لەچاوم، بۆیە ناچارین ئەگەر تواناشمان نەبێت بە هەرجۆرێک بێت دەبێت بیکڕین."
 
لە سلێمانی، 18 بنکەی تەندروستی هەن کە کێشەی گەورەیان کەمی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانە و هەر یەکەیان نزیکەی دوو هەزار نەخۆشیان هەیە.
 
شیرین فەرەج، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە و دەڵێت، "دوو مانگ پێش ئێستا دەرمانەکەم هەبوو، بەڵام ئێستا نەماوە، لەدەرەوەش بە 10 بۆ 15 هەزار دینارە، مووچەخۆریشم دۆخی مووچەش دیارە کە سێ مانگە مووچەیەک دراوە، بۆیە ناتوانین وەک پێویست لەدەرەوە دەرمان بکڕین."
 
 کاوە کەمال، یەکێکی دیکەیە لەوانەی پێویستی بە حەپی نەخۆشیی درێژخایەنە و ئاماژە بەوە دەکات، "من ئەو حەپەی پێمدراوە 500ـییە، بەڵام دەبێت 850ـییم پێبدرێت، ئەمەش خراپە و 350ـی کەمترە."
 
لەو بنکە تەندروستییانەی  دەرمان بە نرخی کەم دەدەنە نەخۆش، پێویستە 63 جۆر دەرمان هەبێت، بەڵام تەنیا 45 جۆر هەیە.
 
دکتۆر رزگار عەلی، بەڕێوەبەری کلینیکی میللی پزیشکی چوارباخە و لەبارەی ژمارەی نەخۆشەکان لە کلینیکەکەیان باس لەوە دەکات، "لەم کلینیکەدا نزیکەی دوو هەزار نەخۆشیی درێژخایەنمان هەیە، کە مانگانە پێویستە دەرمان وەربگرن، بەڵام ئەو بڕە دەرمانەی هەمانە بەنموونە بەشی نزیکەی 500 نەخۆش دەکات، ئەوەی دیکە بەریناکەوێت."
 
بەهۆی ئەوەی گرێبەستەکان لە وەزارەتی تەندروستییەوە کراوە، تەندروستیی سلێمانی ناتوانێت گرێبەستی نوێ بکات و دەرمان دابینبکات.
 
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانییە و لەبارەی نەبوونی دەرمان باس لەوە دەکات، "ئەزمەیەکی زۆر لەدەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دروستبووە لە سلێمانی، بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی کۆمپانیاکانی دەرمانی خەرجنەکردووە، کە مافی خۆیانە، کۆمپانیاکانیش دەرمان دابین ناکەن."
 
لەم دۆخەدا تاکە سەرچاوەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان حکومەتی عێراقە کە دەرمان دەنێرێت، ئەویش بەشی 30% پێویستییەکان دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی گەڕاندنەوەی تەرمی ئاکۆ بۆ چەمچەماڵ. وێنە: رووداو

کەسوکاری ئاکۆ سابیر: کوڕەکەمان لەکاتی ئەرکدا و بەبێ چەک شەهید بووە، داواکارین بەلاڕێدا نەبرێ

ئاکۆ سابیر لەکاتی ئەرکی مرۆیی و رێکخستنی ئەو هاوکارییانەی بۆ لێقەوماوانی لافاو لە چەمچەماڵ برابوو، لەلایەن کەسێکەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو، دواتر گیانی لەدەستدا؛ چوار کچی لەدوای خۆی جێهێشتووە و خەم و پەژارە رووی لە بنەماڵەکەی کردووە