سەرۆک بارزانی لە یادی راپەڕین: ئیرادەی سەربەرزی و ئازادی لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا دهمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ "راپەڕین پەیامێکی زۆر روون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ههبووه و دهشمێنێ."
لە پەیامەکەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 5-3-2024)ـیدا بەبۆنەی 33ـیەمین ساڵیادی راپەڕین، سەرۆک بارزانی هەروەها رایگەیاند "دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی راپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی راپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.
ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر روون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا ههبووه و دهشمێنێ.
دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین
و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2024