دەرگەی تۆماری هاوپەیمانی دەکرێتەوە؛ هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە و بێ کۆتای پێکهاتەکانە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و جەخت دەکاتەوە، لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوەدەچێت.
 
فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 03ـی ئاداری 2024 دەرکرا و تێیدا هاتووە، "پاڵپشت به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ ماده‌ی (ده‌یه‌م) له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (1)ـی ساڵی 2005ـی هه‌مواركراو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی بڕیاری داوه‌ به‌ دیاریكردنی رۆژی  2024-6-10 به‌ واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان".
 
کۆمیسیۆن: دەتوانین لەکاتی دیاریکراودا هەڵبژاردن بەڕێوەببەین
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو وادەیەی دیاریکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان "گونجاوە" و، دەتوانن تاوەکو ئەو کاتە ئامادەکارییەکانیان تەواوبکەن.
 
هەروەها هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە هاوئاهەنگیی ئێمە بووە. کاتەکە گونجاوە و بێ کێشە لەو کاتەدا بەڕێوەدەچێت."
 
جیاوازیی هەڵبژاردنی ئەم ساڵ و پێشتر
 
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو، کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
 
جیاوازییەکی دیکەی هەڵبژاردنی ئەمجارە و جاری رابردوو، شێوازی دەنگدان و بازنەکانە، کە هەڵبژاردنی خولی پێنجەم بە یەک بازنەبوو، بەڵام ئەمجارە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
 
هەڵبژاردنی رابردوو هیچ پارێزگایەک کورسیی بۆ دانەنرابوو، دەنگدەری هەموو شارەکان دەیانتوانی دەنگ بە بەربژێری یەکدی بدەن، ئەم جارە جیاکراوەتەوە و بەمشێوەیە دابەشیکراوە بەسەر چوار پارێزگاکەدا:
 
سلێمانی: 38 کورسی 
هەولێر: 34 کورسی 
دهۆک: 25 کورسی 
هەڵەبجە: 3 کورسی
 
مەرجی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و بەربژێرەکان
 
دوێنێ (دووشەممە)، کۆمیسیۆن رێکارەکانی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و لیستی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان پەسند کرد.
 
لە ئەمڕۆ (سێشەممە 5ـی ئادار)ـەوە دەرگەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێتەوە و تاوەکو 14ـی ئادار بەردەوام دەبێت.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، هەردوو رێکاری تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتییەکان و لیستی بەربژێرانی پەسەند کردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
بەگوێرەی رێکارەکان، هاوپەمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.
 
دەبێت بەربژێر 25 ساڵی تەواو کردبێت و بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزا نەدرابێت. هەر هاوپەیمانیێتییەکیش کە پێشتر تۆمارکراوە و بیەوێت ناوەکەی بگۆڕێت، دەبێت دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار بدات.
 
دوو حیزبی سیاسی یان زیاتر دەتوانن هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام نابێت پارتێکی بەشداربوو لە هاوپەیمانیێتییەکەش لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن بە جیا و لەدەرەوەی هاوپەیمانیێتییەکە بەشداری بکات.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، ئەو کەسەی خۆی بۆ پەرلەمان بەربژێر دەکات، دەبێت رۆژی دەنگدان تەمەنی گەیشتبێتە 25 ساڵ؛ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەرانی کردبێت، هاونیشتیمانیی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ئەو ناوچەیە بێت، کە خۆی تێدا بەربژێر دەکات.
 
لە رێکارەکانی تایبەت بە بەربژێراندا هاتووە، "نابێت سزادراو بێت لەسەر تاوانی کوشتنی بەمەبەست، دزی و گەندەڵی، بەدڕەوشتی، بەشدار بوون لە تاوانی سەرکوتکەرانەی رژێمی پێشوو (بەعس) کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرابێت."
 
تۆماری بایۆمەتری تاوەکو 10ـی ئادار بەردەوام دەبێت
 
دوێنی بۆ دووەمجار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەنەکانی عێراق تۆماری بایۆمەتری درێژکردەوە. بەگوێرەی دوایین درێژکردنەوە، 10ـی ئادار، دوایین رۆژە بۆ نوێکردنەوە یان تۆماری نوێی بایۆمەتری.
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 دەنگدەر، 2 ملیۆن و 800 هەزار کارتی بایۆمەتریان کردووە دەتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە بکەن.
 
جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمیسیۆن لەبارەی دەنگدەر نوێکان بە رووداوی گوت "تاوەکو 28ـی شوبات، ژمارەی ئەو دەنگدەر نوێیانەی تۆمارکراون و کارتی بایۆمەتریان کردووە لە هەرسێ پارێزگای هەولێر, سلێمانی و دهۆک، 76 هەزار و 448 دەنگدەرن، لە هەولێر 34 هەزار و 888 کەس؛ لە دهۆک 21 هەزار و 203 کەس و لە سلێمانیش 20 هەزار و 357 دەنگدەرن، ئەو دەنگدەرانە یەکەمجارە کارتی دەنگدانیان بۆ دەکرێت."
 
بۆ هەڵبژاردن هەزار و 265 ناوەندی دەنگدان دەبێت
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، هەزار و 265 ناوەندی دەنگدان دەبن و تێیاندا 7 هەزار و 500 وێستگەی دادەنرێن.
 
بنکەکانی دەنگدان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
 
- پارێزگای هەولێر: 498 بنکەی دەنگدان دادەنرێت و هەزار و 899 وێستگەی تێدا دەبێت.
- پارێزگای سلێمانی: 431 بنکەی دەنگدان دەبێت کە هەزار و 860 وێستگەی تێدا دەبێت.
- پارێزگای دهۆک: 264 بنکەی دەنگدان دەبێت و لەنێویدا هەزار و 372 وێستگە دادەنرێت.
- پارێزگای هەڵەبجە: 72 بنکەی دەنگدان دەبێت و لەنێویدا 360 وێستگە دادەنرێت.
 
نۆ رۆژ کات هەیە بۆ تۆماری هاوپەیمانی و حیزبەکان
 
حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نۆ رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ خۆتۆمارکردن یان بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی. 
 
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ رووداو، 38 حیزب مافی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە، ئەگەر بە لیستی جیاوازیش بەشداری نەکەن، دەتوانن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە بەربژێری خۆیان، یان بە هاوپەیمانیی بەشداری بکەن.
 
مێژووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

خولی یەکەم:
 
یەکەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 19ـی ئایاری 1992 بەڕێوەچوو، تێیدا 967 هەزار و 229 کەس دەنگیان دا. لە دوای ئەو رێککەوتەوە تاوەکو ئەمڕۆ پەرلەمان پێنج خولی بەڕێکردووە و هەڵبژاردنی داهاتوو شەشەم خولە کە هەڵدەبژێردرێت.
 
لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان دا 105 کورسی هەبوون، پێنج کورسییەکەیان بۆ کریستیانەکان بوو، چوار ئه‌ندامیان له‌ لیستی بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشووری و ئه‌ندامەکەی دیکەش بۆ لیستی یه‌كگرتووی مه‌سیحییه‌كانی كوردستان ته‌رخان كرا.

خولی دووەم:
 
رۆژ 30-01-2005، هه‌ڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. تێیدا ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 کەس دەنگیان بە لیستە بەشداربووەکان دا، کە 13 لیستی جیابوون.
 
لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان دا 6 کورسیی دیکە زیاد کران و ژمارەی کورسییەکان بووە 111، کە شەش کورسییەکە زیادکراوەکە 5ـی بۆ کۆتای تورکمان و ئەوی دیکەش درایە ئەرمەن.
 
خولی سێیەم:
 
25ـی تەمموزی 2009 ‌هه‌ڵبژاردنی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوەچوو. 24 لیست بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی لە 111 كورسییەکەی پەرلەمان بەشدارییان کرد.
 
خولی چوارەم:
 
رۆژی 21-09-2013 پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا 31 لیست به‌شدارییان کرد.
 
خولی پێنجەم:
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە 30-09-2018 بەڕێوەچوو. تێیدا سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 845 هەزار و 979 هاونیشتمانی دەنگیان دا و لە 29 لیستی بەشداربوو 16 لیست گەیشتنە پەرلەمانی کوردستان.