راکان جبووری هەوڵ بۆ پەسندکردنی بودجەی 2024 دەدات و لایەنە کوردییەکان تووڕەن


رووداو دیجیتاڵ 

ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بەچڕی دەستی بە ئامادەکاری کردووە تاوەکو پڕۆژە بودجەی 2024ـی کەرکووک پەسەند بکرێت بەر لەوەی ئیدارەی نوێ دەست بەکاربێت. لایەنە کوردییەکانیش لەو هەنگاوەی ئیدارەی بەوەکالەتی راکان جبووری توڕەن و لە هەوڵی ئەوەدان رێگری لێبکەن. 
 
رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا سەرقاڵی نووسینەوەی یاداشتێکە بۆ ئەوەی واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەن لە کورد و عەرەب و تورکمان بەدەستبهێنێت. 
 
رێبوار تەها دەڵێت، "ئەم ئیدارەیەی ئێستای کەرکووک ئیدارەیەکی کاربەڕێکەرە، بەڵام لە دوێنێوە هەوڵی ئەوەیان داوە کە پلانی پڕۆژەکانی 2024 ئامادەبکەن، بێگومان ئەمە پێشێلکارییە. ئێمە بە فەرمی ئاگادارمان کردوونەتەوە و یاداشتێکیشمان ئامادەکردووە."
 
لایەنە عەرەبییەکان دژی هەر هەوڵێکن رێگری لە کارەکانی ئیدارەی ئێستا بکات و پشتیوانی لەو هەوڵەی راکان جبووری دەکەن. 
 
نازم شەممەری، ئەمینداری گشتیی دەستەی رای عەرەبی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "مافی ئیدارەی ئێستای پارێزگای کەرکووکە بەردەوام بێت لە کارکردن، تاوەکو ئەوکاتەی ئیدارەیەکی نوێ بۆ کەرکووک پێکدەهێندرێت، بۆیە کەرکووک ناوەستێ، تا پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێ."
 
بەرپرسانی ئیدارەی کەرکووک رەتیدەکەنەوە هیچ هەوڵێک هەبێت بە شاراوەیی بۆ پەسندکردنی پڕۆژەکانی ساڵی 2024 و دڵنیایی دەدەن دوای ئامادەکردنی پڕۆژەکە، دەیخەنە بەردەست ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراو.
 
عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکووک دەڵێت، "دوێنێ ناڕەزایی هەبوو لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر کاتی کۆبوونەوەکە، لە هەمانکاتدا ئیدارەی پارێزگا دەرفەت دەداتە ئەندامەکان تا هاوبەشی بکەن لەگەڵ لیژنەکانی پڕۆژەکان، هەروەها کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت لەگەڵ ئەنجوومەنی تازە هەڵبژێردراو تا پێشنیازی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ پلانەکە."
 
لایەنە کوردییەکان کە لە چوارچێوەی دانوستاندندان لەگەڵ عەرەب و تورکمان، بەگومانن لەوەی لایەنی عەرەبی دەستی دەستی بە پرسی پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا دەکەن تا درێژە بەتەمەنی ئیدارەی بەوەکالەتی ئێستا بدەن.