لە مەریوان هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بەلووچستان کۆکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاریی خەڵکی مەریوان و گوندەکانی دەوروبەری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بەلووچستان بەڕێوەچوو، ئەو کەمپەینە بە هەوڵی خەڵکی خۆبەشی شارەکە و بە داواکاریی کەسانی ناسراو پێکهاتووە و هاوکارییەکان راستەوخۆ دەنێردرێن بۆ زیانلێکەوتووانی بەلووچستان.
 
زیاتر لە هەفتەیەکە پارێزگای سیستان و بەلووچستانە بەهۆی لافاوەوە لە دۆخێکی خراپدایە، لەو ماوەدا بەهۆی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، کەمتر هەواڵی ئەو رووداوە بڵاوکراوەتەوە.
 
میدیاکانی ئێران باس لە داخرانی رێگەی هاتووچۆی 16 شار و نزیکەی دوو هەزار گوندی ئەو پارێزگایە دەکەن. ئەوەش جگە لە پچڕانی کارەبا و نەمانی ئاوی خواردنەوەی زۆربەی گوندەکان، بەڵام بەرپرسانی حکومەت دەڵێن لە یەکشەممەوە دەستیان بە کار کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. 
 
عەلی ئەکبەر مێحرابیان، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، "لە بەشی کارەبادا، زۆربەی کێشەکان چارەسەرکراون و ئێستا هیچ گوندێک کێشەیەکیان نییە. لە بەشی ئاوی خواردنەوەشدا کێشەی زۆربەی گوندەکان چارەسەربوون. تەنیا بەشێکی کەم ماونەتەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ چارەسەر بکرێن. دەمێنێتەوە رێگەوبانەکان، ئەویش بڕی زیانەکە زۆرە، چونکە زۆربەی رێگەی نێوان گوندەکان ناستانداردن و چەند ساڵە بە خراپی ماونەتەوە. بۆیە هاتووچۆ ئەستەم بووەتەوە."
 
کەمپەینی خۆبەخشانی خۆجێیی بەلووچیش هەن، لە نەبوونی هاوکاریی حکومی لەو هەفتەیەدا، وەخۆکەوتوون و هەرکەس لە جێی خۆیەوە بە بەلەم و بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی، هاوکارییەکان دەگەیێنێتە خەڵکی زیانلێکەوتوو.
 
لە کاتێکدا نزیکەی سێ رۆژە رێکخراوی مانگی سووری ئێران بانگەشەی بڵاوکردنەوەی هاوکاری دەکات، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، لە هیچ شوێنێک ئەو هاوکارییانەیان نەبینیوە.
 
هاووڵاتییەکی خەڵکی بەلووچ دەڵێت، "گلەییەکم لە بەرپرسانی رێکخراوی مانگی سوور هەیە. ئێوەش هەر لەم رێگەیەوە هاتوون، لەنێو رێگەدا کە دەهاتین یەک خێوەتی ئەو رێکخراوەمان نەبینی. نازانم ئەو هەموو خێوەتەی کە باسی دەکەن لە کوێ دانراون. ئەگەر کەسێک دەزانێت بە ئێمەش بڵێت. ئەوەتا خۆمان خۆبەخشانە خەریکین یارمەتیی یەکدی دەدەین."
 
لە ڤیدیۆکەی سەرەوەدا دیمەنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بەلووچستان دەبینن، لە کاتێکدا حکومەتی ئێران باس لەوە دەکات تاوەکو ئێستا بڕی زیانەکان کەم بوون و کەس گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام میدیا خۆجێییەکان باس لە گیانلەدەستدانی دوو کەس لە لافاوەکەدا دەکەن و رێکخراوی کۆنترۆڵی قەیرانیش بڕی زیانەکانی بە دوو تریلیۆن تمەن خەمڵاندووە.