گالەری

رووداو دیجیتاڵ
 
لە نێو ئەکوا پارکی هەولێر بە بەشداری 40 یاریزان لەسەر ئاستی گشت پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان حەوتەم پێشبڕکێی یاریی دامە بەڕێوەچوو.
 
پێشبڕکێکە لە کاژێر 11ی بەیانی تاوەکو 6ی ئێوارە بەردەوام بوو و حەوت گەڕی لە خۆی گرت.
 
یاریزانەکان دەبوو تەنیا لە ماوەی 15 خولەکدا یارییەکە تەواو بکەن، بردنەوەی هەر یارییەک دوو خاڵ بۆ براوەکە هەژمار دەکرا.
 
توانا تەحسین، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە بە تۆڕی میدیی رووداوی گوت، "ئێمە ساڵانە ئەم پێشبڕکێیە بۆ گشت شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان رێکدەخەین و خەڵات و دیاری بەسەر براوەکان دابەش دەکەین، ئامانج لەم کارە بوژاندنەوەی یاری دامەیە".
 
ئەو پێیوایە یاری دامە لە بنەچەدا کورد دروستی کردووە و دەڵێت، "دەمانەوێت گەنجان هان بدەین یاریی دامە بکەن، چونکە یارییەکانی دیکە تەنیا کات کوشتنن، بەڵام دامە هیچی کەمتر نییە لە شەتڕەنج و بۆ مێشک و دەروون باشە".
 
دامە یارییەکی هزرییە و هەندێک بە هاوشێوەی یاری شەتڕەنج وێنای دەکەن، لەسەر تەختەیەکی دار لەنێوان دوو کەس ئەنجام دەدرێت، شێوەی تەختەی یارییەکە لە هەشت یەکەی پانی و هەشت یەکەی درێژی پێکهاتووە، ژمارەی چوارگۆشەکان 64 دانەن و پارچەی پووڵی دامەکانیش بە شێوەی بازنەیین و رەنگیان جیاوازە، زۆربەی کات رەنگیان رەشە یاخود سپییە و ژمارەیان 24 پوولن، ئەم یارییە دووکەسییە و هەر تاکێک 12 پووڵی دامە بۆ یاریکردن بەکاردەهێت.
 
هەرێم محەممەد لە پێنجوێنەوە هاتووە بۆ هەولێر و بۆ یەکەم جارە بەشدارە لە پێشبڕکێکە، ئەو بە رووداوی گوت، "زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەشدارم لێرە، یاریزانی بەتوانای لێیە، من خۆم زۆر سودم لێبینی  چونکە ئاشنایم لەگەڵ زۆر یاریزانی دیکەی شارەکانی هەرێمی کوردستان پەیدا کرد".
 
هەرێم دەشڵێت، کە هیوادارە لە گشت شوێنەکانی دیکە هاوشێوەی ئەم پێشبڕکێیە بکرێتەوە و ئەم یارییە زیاتر ببوژێتەوە.