پۆلیسی هەولێر: کەسێک لەلایەن کوڕە خەزورێکییەوە کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ هێزەکانیان لە رووداوێکی کوشتن ئاگادارکرانەوە و دوای گەیشتنیان بە شوێنەکە، دەرکەوت کە هاونیشتمانییەک لە لایەن کوڕە خەزورێکییەوە کوژراوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-03-2023، هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەو کەسەی کە کوژراوە تەمەنی 42 ساڵە و پێنج منداڵی هەیە. گوتیشی، تۆمەتبارەکە کوڕێکی خەزووری کوژراوەکەیە و رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵەیەتییەوە بووە.
 
رووداوەکە لە شەقامی کوران لە هەولێر روویداوە و کوژراوەکە ناوی شوان عومەر قادرە.

 

 
تاوەکو ئێستا تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر نەکراوە. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە.