قەدەخەکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
قەدەخەکردنی راوەماسی لە هەرێمی کوردستان چووە واری جێبەجێکردنەوە و پۆلیس دەڵێت، لە ئەمڕۆوە هەرکەس سەرپێچی بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکەنەوە. خاوەن پرۆژەیەکی بەخێوکردنی ماسییش دەڵێت، بڕیارەکە نرخی ماسی بەرز دەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 5ی ئاداری 2023 فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان کە رێکارەکانی تایبەت بە قەدەخەکردنەکە لە ئەستۆی ئەو هێزەدایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە لە تەواوی هەرێمی کوردستان قەدەخەکردنی راوەماسی کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 15ی حوزەیران بەردەوام دەبێت. هەرکەس سەرپێچی بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 6 بۆ 7 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆرترینیشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هۆکاری قەدەخەکردنی راوەماسی ئەوەیە لەم کاتەدا ماسی گەرا دادەنێت و کاتی زاوزێیانە، ساڵانی رابردوو لە 15ی ئادارەوە قەدەخەکە رادەگەیێندرا، بەڵام دوو ساڵە 10 رۆژ پێشخراوە.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ نرخی ماسی بەرز نەبووەتەوە، کە بەگوێرەی جۆرەکانی کیلۆی دەگاتە 6000 دینار."
هەروەها سالار قادر، خاوەنی پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە دەڤەری شارباژێڕ ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەدەخەکردنی راوەماسی بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر نرخی ماسی دادەنێت و نرخەکەی بەرز دەکاتەوە."
زۆرترین ماسی لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەرهەم دەهێندرێت؛ دوو جۆر پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و ئەوانەی بێ مۆڵەتن. ئەوانەی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان هەیە، زیاتر لە 400 پرۆژەن و بەرهەمەکەیان ساڵانە زیاترە لە 3200 تۆن، ئەوانەش مۆڵەتیان نییە بەرهەمەکەیان هێندەی ئەوانەیە کە مۆڵەتیان هەیە.
سزای راوکردنی ماسی لەکاتی قەدەخەی راوکردندا جیاوازە، وەکو گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە گوتی، بەگوێرەی کێش و جۆری ماسی، بەگوێرەی ئەو کەرەستەیەی راوەکەی پێکراوە، سزاکان لەلایەن دادوەرەوە دیاری دەکرێن.