بافڵ تاڵەبانی: نابێ کەس باسی زۆنی زەرد و سەوز بکات


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 32 ساڵەی راپەڕین لە رانیە رایگەیاند، حیزبەکەی لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان رازی نییە. دواتر رووی دەمی کردە ئامادەبووانی یادەکە و گوتی، "نابێ کەس باسی زۆنی زەرد و سەوز بکات."
 
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە یادی 32 ساڵەی راپەڕین لە رانیە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم دۆخە رازی نییە". دەشڵێت، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە من لێرەم ئەوەیە کە منیش لەم دۆخە رازی نیم."
 
بافڵ تاڵەبانی داوای کرد کەس باسی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز نەکات و گوتی، "یەک داواکاریم هەیە لێتان؛ واز لە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بهێنن؛ کوردستان هی ئێمەیە، کوردستان هی ئێوەیە و بەیەکەوە کوردستان سەوز دەکەینەوە."
 
سەرۆکی یەکێتی چەند پرسیارێک لە ئامادەبووانی یادەکە دەکات و دەڵێت: رازین بەم دۆخە؟ رازین بەم دۆخە؟ وەکو پێویست پێشکەوتووین؟ رازین لە دۆخی کوردستان؟ لە هەر چوار پارچەی کوردستان؟.. دواتر هەر خۆی وەڵامی پرسیارەکانی دەداتەوە و دەڵێت: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم دۆخە رازی نییە."
 
بافڵ تاڵەبانی پێیوایە ئێستا حیزبەکەی "زۆر بەهێزە و لە سەردەمی مام جەلالیشەوە وەک ئێستا بەهێز نەبووە"، بۆیە رووی دەمی دەکات حیزبە سیاسییەکان و دەڵێت، "پەیامم هەیە بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان، چۆن لێرە ئاگری راپەڕین عێراقی گۆڕی، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕی، با ئەمڕۆ دەستی هاوکاری بۆ هەموو حیزبەکان درێژ بکەین، ئێمە نامانەوێت هەرێم دوو بەش بکەین، هەرێم هی خۆمانە، یەکسانیمان دەوێ یەکسانی."
 
سەرۆکی یەکێتی دواتر بە تایبەت پەیامێک ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەگەر دەیانەوێ میلـلەت ئاشت بکەنەوە، ئەوە حیزبەکەی ئامادەیە پاڵپشتی بکات و دەستی یارمەتی درێژ دەکات، بەڵام ئەگەر ئەوە نەکات، وەک خۆی دەڵێت، "خۆتان زەرەر دەکەن."
 
دەقی گوتاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رانیە:
 
بە ناوی خودای گەورە و بەخشندە؛ تێکۆشەرەکانی راپەڕین، پاڵەوانانی راپەڕین، یەکێتییەکانی راپەڕین، 32 ساڵ پێش ئێستا خەڵکی کوردستان دەستیانکرد بە رووخاندنی خراپترین رژێم؛ رژێمی سەدام حوسێن کە هەموو دونیا لێی دەترسا، بەڵام ئێوە لێی نەدەترسان، ئەمەمان بۆ ئازادی کرد، بۆ گەلەکەمان، بۆ کوردستانەکەمان. لەم ساڵانەدا کوردستان زۆر چووەتە پێشەوە، بەرز و نزمیمان بینیوە، ئێستا ساڵی 2023یە و حەز دەکەم چەند پرسیارێکتان لێبکەم: "رازین لەم دۆخە؟ رازین لەم دۆخە؟ وەک پێویست پێشکەوتووین؟ ببوورن گوێم لێ نییە، رازین لە دۆخی کوردستان؟ لە هەر چوار پارچەی کوردستان؟ (وەڵامی ئامادەبووان: نا). یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رازی نییە.
 
یەکێک لە هۆکارەکان کە من لێرەم ئەمڕۆ ئەوەیە داوای لێبووردنتان لێبکەم، لەو رۆژەوەی کە جەبار فەرمان، مام جەلال، کاک کۆسرەت و هێرۆخان نەخۆش کەوتن، وەکو پێویست شەڕمان بۆ ئێوە نەکردووە، کێشەی نێوخۆییمان هەبووە، بەڵام ئەو قۆناخەمان تێپەڕاند؛ ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهێزە، پەیوەندییەکانی باشن، بەتوانایە.
 
بەداخەوە غەدرێکی زۆرتان لێکراوە، بەداخەوە ئەو خزمەتەی کە کردوتانە، ئەو خوێنەی کە رشتووتانە، وەک پێویست رێزی لێ نەگیراوە؛ دوو ساڵە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵیداوە ئەم بۆشاییەی کە حکومەت دروستیکردووە پڕی بکاتەوە؛ من رازی نیم بەم دۆخە و باسی زۆنی سەوز و زەردیش ناکەم؛ تکاتان لێدەکەم واز لەو قسەیە بهێنن. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خاوەنی هەموو کوردستانە، نوێنەری هەموو چوار پارچەی کوردستانین. بەڵێ وایە غەدرتان لێکراوە، بەڵام بێتاقەت مەبن؛ گەشبین بن.
 
لە کاتی مام جەلالەوە یەکێتی وا بەهێز نەبووە. لەڕووی پەیوەندییەکانەوە لە بەغدا، لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، لە نێو حیزبەکانی کوردستان و لە نێو هێزی پێشمەرگەمان قەت وا یەکڕیز و بەهێز نەبووین.
 
وەک ساڵی 91 کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەری رمەکە بوو بۆ ئەو شەڕەی کە بۆ میلـلەتەکەمان کردمان، لێرە بەڵێنتان پێدەدەم، بەڵێنتان پێدەدەم، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین تاوەکو یەکڕیزیی کوردستان بپارێزین؛ تا کوردستان یەکبخەینەوە؛ تا هەر چوارپارچەی کوردستان مافی خۆیان وەربگرن. دەتوانین رێز بگرین لە جەنابتان. دەتوانین رێز بگرین لە خوێنی شەهیدەکانمان.
 
ئێوە خاوەنی یەکێتین؛ ئێوە خاوەنی کوردستانن و لەگەڵمان بووەستن؛ شانبەشان هەموو شتێکمان پێدەکرێت؛ دەتوانین خەڵک ئاشت بکەینەوە؛ دەتوانین حیزبەکان ئاشت بکەینەوە؛ دەتوانین میلـلەتەکەمان ئاشت بکەینەوە؛ دەشتوانین نەیارەکانمان پان بکەینەوە.
 
شانبەشان بۆ پێشەوە دەڕۆین، بۆ سەرکەوتن، بۆ کوردستان. لێرە من پەیامێکم هەیە بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان: چۆن لێرە ئاگری راپەڕین عێراقی گۆڕی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، با ئەمڕۆ بکەین بە مەجالێک کە دەستی ئاشتی بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان درێژ بکەین. ئێمە نامانەوێت هەرێمی کوردستان دووبەش بکەین. هەرێم هی خۆمانە؛ هەرێم ئێمە دروستمان کرد، هەرێم ئێوە خوێنتان بۆ رشت.
 
ئێمە دادپەروەریمان دەوێت. ئێمە دەست درێژ دەکەین بۆ هەموو حیزب و لایەنێک کە بتوانێت میلـلەتەکەمان ئاشتبکاتەوە، بتوانێت خزمەتی میلـلەتەکەمان بکات، بتوانێت بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان کار بکات. حیزبەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر ئەوەتان دەوێت، ئێمە دەستمان درێژ دەکەین بۆتان؛ دڵمان پاکە و ئەمانەوێت بۆ بەرژەوەندیی حیزبەکان کار نەکەین، با بۆ بەرژەوەندیی میلـلەتەکەمان کار بکەین؛ با بۆ ئەوە خەبات بکەین؛ ئەگەر ئەمەتان دەوێت ئێمە ئامادەین، ئەگەر ئەمەتان ناوێت خۆتان زەرەر دەکەن. 
 
تێکۆشەرانی راپەڕین، بۆ من گەوربوون بوو ئەمڕۆ بێمە خزمەتتان؛ دووبارەی دەکەمەوە، یەک داواکاریم هەیە لێتان؛ واز لە زۆنی زەرد و زۆنی سەوز بهێنن؛ کوردستان هی ئێمەیە، کوردستان هی ئێوەیە و بەیەکەوە کوردستان سەوز دەکەینەوە.