لە ورمێ و ئیلام زیاتر لە 30 قوتابی ژەهرای بوون

05-03-2023
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەیان قوتابیی دیکە لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژەهراوی بوون. وەزارەتی ناوخۆی ئێران دەڵێت، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە دەکەن.
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، رۆژی شەممە 04-03-2023 لە نزیکەی 70 قوتابخانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران قوتابییان ژەهراوی بوون؛ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا قوتابیی 10 قوتابخانە ژەهراوی بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی زانکۆ پزیشکییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری ورمێ 28 قوتابی و 3 فەرمانبەری قوتابخانە و لە ئیلام 7 قوتابی بەهۆی ژەهراویبوونەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ، لە شارەکانی سنە، کامێران و قەسری شیرینیش قوتابییان ژەهراوی بوون، بەڵام دامودەزگا فەرمییە حکومییەکان رەتیان کردووەتەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێران رۆژی 04-03-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە ماوەی 3 مانگی رابردوودا قوتابیی 52 قوتابخانە ژەهراوی بوون. هەر لە سەرەتاوە دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکان هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ بۆئەوەی" روونی بکەنەوە ئەو ژەهراویبوونە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ژەهراویبوونی قوتابییانی کچ وەکو "شەڕێکی چەند لایەنە دژی ئێران" ناودەبات بۆئەوەی "لە کۆمەڵگەدا ئاسایش نەهێڵن" و بەو هۆیەوە "ناوەندەکانی خوێندن دابخرێن و ئاژاوەگێڕییەکان زیندوو بکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە