کەسێک بە برینداری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەی رووها دەرهێنرا


رووداو دیجیتاڵ 

لە ژێر داروپەردووی ئەو باڵەخانەی ئەمڕۆ یەکشەممە 5-3-2023 لە رووهای باکووری کوردستان رووخا، کەسێک بە برینداری لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنەوە دەرهێنرا و گەڕان و پشکنین بەردەوامە.
 
لە رووهای باکووری کوردستان، باڵەخانەیەکی حەوت نهۆمی رووخا و راستەوخۆ تیمەکانی ئافاد، بەرگریی شارستانی و شارەوانیی رووها گەیشتنە شوینی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد.
 
دوای کەمتر لە کاژێرێک، کەسیک بە برینداری لە ژێر داروپەردوو دەرهێنرا. هەروەها کەسێکی دیکە کە لەکاتی رووداوەکەدا نزیک باڵەخانە بووە، داروپەردووی بەسەردا کەوتووە و قاچی برینداربووە. ئەویش گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و بەپێی زانیارییەکان تەندروستیی جێگیرە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو باڵەخانەیە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 زیانی زۆری بەرکەوتبوو و دوای راپۆرتی تیمەکانی شارەوانی بەتاڵکرابوو؛ چەند دووکانێکیش لە نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکەدا بوون. 
 
 
لە مانگی رابردوودا ئەو دووکانانە داخراو بوون، بەڵام خاوەنەکانیان جاروبار چوونەتە ئەوێ و کەلوپەلیان بردووە. هەر بۆیە تیمەکانیش دڵنیانین لەوەی چەند کەس کەوتوونەتە ژێر داروپەردوو. بەڵام هەوڵی گەڕان و پشکنین بۆ دڵنیابوونەوە بەردەوامە.
 
رۆژی 06-02-2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.7 و 7.6 لە شارۆچکەکانی بازارجخ و ئەلبستانی مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا. بوومەلەرزەکان پارێزگاکانی مەرەش، دیلۆک، رووها، ئامەد، سەمسوور، کیلیس، مەڵەتی، خارپێت، هاتای، عوسمانییە و ئادانایان هەژاند.
 
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا درەنگانی شەوی شەممە 4-3-2023 لە شاری هاتای رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانیانلەدەستداوە گەیشتووەتە 45 هەزار و 968 کەس.