باوکی کەوسەر: مامۆستا لەبەرچاوی قوتابییەکان سووکایەتی بە کچەکەم کردووە


رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکاری کچێکی 17 ساڵانی دانیشتووی هەولێر دەڵێن، کچەکەیان کە ناوی کەوسەرە رۆژی 17ی 12ی ساڵی رابردوو لەسەر وەرگرتنی مۆبایلەکەی لەلایەن مامۆستاکەیەوە خۆی سووتاندووە.  
 
کەسوکاری کەوسەر، نزیکە سێ مانگە نەخۆشخانەیان کردووەتە ماڵی دووەمیان. ئەوان لە چاوەڕوانی کچی بچووکی ماڵەکەیانن کە ئێستا کێبڕکێ نێوان ژیان و مەرگدا دەکات. 
 
مونیر ساڵح، باوکی کەوسەرە و دەڵێت، "لە رۆژی ئاڵا مۆبایلەکەی بردبوو بۆ قوتابخانە، مامۆستا گوتبووی، کێ مۆبایلی پێیە؟ تەنیا کچی من گوتبووی من پێمە. زۆربەی قوتابییەکانی دیکەش مۆبایلیان پێبووە. دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە چەندجارێک داوای مۆبایلەکەی کردووە، بەڵام پێینەدراوەتەوە، لەپێش چاوی قوتابییەکانی دیکە سووکایەتی پێکراوە." 
 
فایزە ساڵح کە دایکی کەوسەرە باسی رۆژی 17ی 12 دەکات، کاتێک کەوسەر لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک کە دەهاتەوە لە دەرگەوە سڵاوی دەکرد و دەیگوت، دایە هاتمەوە و هەموو قسەکانی بۆ دەگێڕامەوە. ئەو رۆژە زۆر بێتاقەت بوو، ئێستاش دەڵێم، خۆزگە نەمدەهێشت خەویشی لێبکەوێت. ئەگەر بمزانیبا مامۆستا تووڕەی کردووە نەمدەهێشت خەوی لێبکەوێت تاوەکو بۆم چارەسەر دەکرد." 
 
کەلسووم خوشکی گەورەی کەوسەرە، تەنیا ئاواتی ئەوەیە خوشکە بچووکەکەی بەهەر شێوەیەک بێت بگەڕێتەوە ماڵەوە. 
 
کەلسووم مونیر دەڵێت: "نزیکەی سێ مانگە دۆخی من لەوەی ئەو خراپترە، دەڵێت ئەگەر مامۆستا مۆبایلەکەی بۆ بگەڕاندمایەتەوە هەرگیز ئەو کارەم نەدەکرد، مامۆستا بووە هۆکاری ئەو کارە بکەم. بەئاواتم تەنیا جارێکی دیکە ماچێکی بکەم، ئێمە خوشک نەبووین، هاوڕێ بووین، هەموو شتێک بووین. سوێند بەخوا یەک خولەک بەبێ ئەو ناژیم، بە باوکیشم گوتووە، هەرشتێکی لێبێت منیش لەدەستدەدەیت." 
 
دوای ئەنجامدانی چەندین نەشتەرگەری، کەوسەر ئێستا لەژێر چاودێری چڕدایە، لە 48%ی جەستەی سووتاوە و دوایین جار 75 بوتڵ خوێن کراوەتە جەستەیەوە. 
 
مۆبایل بووە هۆی دروستبوونی کێشەیەک لەنێوان کەوسەری تەمەن 17 ساڵ و مامۆستاکەی، بەوهۆیەوە کەوسەر لەجیاتی ئەوەی ئێستا لە قوتابخانە بێت، رۆژانێکی زۆر سەختی تەمەنی لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە بەڕێدەکات، بەشێوەیەک تەنانەت دایک و باوکیشی ناتوانن سەردانی بکەن.