رووداو ناوی 12 کۆچبەری کورد ئاشکرا دەکات کە بەهۆی تێکشکانی بەلەمەکەی لیبیا خنکان

05-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئەو کۆچبەرە کوردانەی بەهۆی تێکشکانی بەلەمێک لە لیبیا خنکان
ئەو کۆچبەرە کوردانەی بەهۆی تێکشکانی بەلەمێک لە لیبیا خنکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو رۆژ لەمەوبەر بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە 17 کۆچبەر خنکان، رووداو ناوی 12 لەو کۆچبەرانە ئاشکرا دەکات کە سەرجەمیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و شەش کەسیان ئەندامی خێزانێکن.
 
رۆژی هەینی 03-03-2023 بەلەمێك بە 24 کۆچبەرەوە، لەنێویاندا 16 کوردی رۆژئاوای کوردستان هەبوو، لە کەناراوی نزیک شاری تەبرەقی لیبیا ژێرئاو کەوت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو بەلەمەی لە کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاو کەوتووە، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری لە "تەبرەق"ەوە دەگواستەوە بۆ کەشتییەکی گەورە، بۆئەوەی لە رێگەی کەشتییەکەوە دەربازی ئیتاڵیا بکرێن.
 
بەهۆی ژێرئاو کەوتنی کەشتییەکە، 12 کۆچبەری کورد خنکان کە 10 کەسیان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن و شەش کەسیان ئەندامی یەک خێزان و سێ کەسیشیان خەڵکی عەفرینن.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەو 12 کۆچبەرە کوردەی گیانیان لەدەستداوە ئەمانەن: حەجی وەیسی ئەحمەد، تەمەن 29 ساڵ و محەممەد وەیسی ئەحمەدی برای کە تەمەنی 30 ساڵانە.
 
بێریڤان محەممەد فەتحی، هاوژینی محەممەد وەیسی و تەمەن 27 ساڵان؛ ئەلەند محەممەد، تەمەن حەوت ساڵان؛ لاوەند محەممەد، تەمەن پێنج ساڵان و فوئاد محەممەد، تەمەن چوار ساڵان، کە سەرجەمیان ئەندامی خێزانێکن و خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.
 
سێ قوربانیی دیکەی رووداوەکە ئەندامی خێزانێکن بە ناوەکانی: بەکر محەممەد، تەمەن 35 ساڵان؛ محەممەد بەکر، تەمەن یەک ساڵان و یوسف بەکر، تەمەن سێ ساڵان کە خەڵکی گوندی قیچەکی کۆبانێن. لەناو ئەم خێزانەدا تەنیا هاوژینی بەکر محەممەد لە رووداوەکەدا رزگاری بووە و ئێستا لە لیبیایە.
 
دایکێک و دوو کچی دیکە کە ئەوانیش خەڵکی عەفرینن لەو رووداوەدا بە ناوەکانی ئایدە حەمید، تەمەن 54 ساڵان و هەردوو کچەکەی بەناوەکانی دیانا محەممەد، تەمەن 23 ساڵان و ئایە محەممەد، تەمەن 19 ساڵان گیانیان لەدەستداوە. ئەو خێزانە لە حەلەب دەژیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە