سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان: هیچ رێگری و یاسایەک بۆ جێگیرکردنی کرێی خانوو نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە "کرێی خانوو رێکبخرێتەوە''؛ ئاماژەی بەوەش کرد، تائێستا لە هەرێمی کوردستان ''هیچ یاسا و رێگرییەک بۆ جێگیرکردنی کرێی خانوو نییە.''
رۆژی یەکشەممە 05-03-2023، بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ''بەپێی یاسای ژمارە حەوت [یاسای دابينکردنی خانووی نیشتەجێبوون، لە هەرێمی کوردستان - عێراق]، داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە، کرێی خانوو رێکبخرێتەوە، ئێستا خەڵک بە ئارەزووی خۆی کرێی خانوو زیاد دەکات.''
بەرهەم قەرەداخی ئاماژەیدا، "لە ساڵی 2006ەوە تائێستا، 14 جار کرێی خانوو زیادی کردووە، لەبەرئەوەی سەقفێک بۆ کرێی خانوو دیارینەکراوە یان بەپێی گوزەران و ژیانی خەڵک کرێی خانوو وەرناگیرێت."
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان گوتیشی، ''بەداخەوە یاسای دابینکردنی خانووی نیشتەجێبوون، لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەموار نەکراوەتەوە، بۆیە تائێستا خەڵک بە خواستی خۆی کرێ دادەبەزێنێت یان بەرزی دەکاتەوە و هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی نرخەکان جێگیر بێت.''
بەگوتەی بەرهەم قەرەداخی، ژمارەی کرێنشینان بەگوێرەی ئامارێک کە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو، نزیکەی 200 هەزار خێزانە لە هەرێمی کوردستان.
رۆژی 28-02-2023، جووتیار قادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەکاتی سلێمانی لە رادیۆی رووداو رایگەیاند، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە ساڵی 2003ـەوە پلانێکی درێژخایەنی هەبوو بۆ ئەوەی تاوەکو 2023، ساڵانە 5 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات بۆ کەسانی کەمدەرامەت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵانی رابردوودا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکرا.
بەگوتەی جووتیار قادر، بەگوێرەی ئەو پلانەی هەبوون بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی هەزار یەکەیان تەواوبوون و دابەشکراون بەسەر کەمدەرامەتاندا لە سنووری سلێمانی، بەڵام هێشتا نزیکەی چوار هەزار و 400 یەکە تەواونەبوون و بەشێکی کەمی کارکردنیان تێدا ماوە یان خزمەتگوزارییان ماوە بۆ ئەوەی بدرێتە کەسانی کەمدەرامەت بە قیستی درێژخایەنی 25 ساڵ.