یاریزانانی بورساسپۆر لەنێو یاریگە هێرشیان کردەسەر یاریزانانی ئامەدسپۆر
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی بورساسپۆر ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری بورسا لەنێو یاریگە هێرشیانکردە سەر یاریزانانی ئامەدسپۆر.
یانەی ئامەدسپۆر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا دیمەنی کاتی هێرشەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لەکاتێکدا یاریزانەکانمان چوونە نێو یاریگە بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی بورساسپۆر یاری بکەن، یاریزانانی یانەکە هێرشیان کردە سەر یاریزنەکەمان".
شەوی رابردووش دروشمی رەگەزپەرستی بەرامبەر یاریزانانی ئامەدسپۆر گوترایەوە. بڕیارە کاژێر 14:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-03-2023، یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر و بورساسپۆر لە خولی دووەمدا لە شاری بورسا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا یاریزانانی ئامەدسپۆر شەوی رابردوو چوونە پارێزگای بورسا و لە هۆتێلێکدا مانەوە. بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە، شەوی رابردوو دەیان هاندەری یانەی تۆپی پێی بورساسپۆر لەبەردەمی ئەو هۆتێلە کۆبوونەوە کە یاریزانانی ئامەدسپۆری تێدا ماونەتەوە و دروشمی رەگەزپەرستانەی "چهندە بهختهوهره ئهوه کەسەی دهڵێ من تورکم" دەڵێنەوە.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامەدسپۆر هیچ لێدوانێکی سەبارەت بەو رووداوە نەداوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەو دیمەنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیگەرانی و کاردانەوەی بەدواداهات.
گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری هەدەپە ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند، "بەجیدی گومانم هەیە پارێزگار لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئاسایش دابین بکات، لە کاتێکدا رێگری لەو خۆپیشاندانە رەگەزپەرستانە نەکرد کە تا درەنگانی شەوی رابردوو لە بورسا بەرامبەر ئامەدسپۆر بەردەوام بوو".
هاوکات رێکخستنەکانی هەدەپەی ئامەد لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرشەکانی سەر ئامەدسپۆر قبووڵ ناکەین. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەم هێرشە رەگەزپەرستی و فاشیستیانە".