عەرەب و تورکمان لە زەوییە کشتووکاڵییەکانی کەرکووک خانووی زێدەڕۆ دروستدەکەن؛ "ئەمە تەعریبێکی هێمنانەیە"

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرکووک لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دەست بە "جۆرە تەعریبێکی هێمنانە" کراوە، ئەویش لەڕێگەی هاتنی خەڵکی پارێزگاکانی دیکە و دروستکردنی خانووی زێدەڕۆ لە گەڕەکە نوێیە زێدەڕۆیەکانی ئەو شارە.
 
تیمی رووداو بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە چوونەتە گەڕەکێکی نوێی زێدەڕۆی لە کەرکووک؛ نیشتەجێبووانی گەڕەکەکە خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، فۆڕمی خواردنیان گواستووەتەوە و سەرقاڵی خانوو درووستکردنن. 
 
یەکێک لەوانەی خەریکی دروستکردنی خانووی زێدەڕۆیە لە گەڕەکە نوێیە زێدەڕۆیەکەی کەرکووک، قسە بۆ رووداو دەکات. ئەو ناوی یونس جاسمە و خەڵکی تکریتە، ماوەی سێ ساڵە لە کەرکووک نیشتەجێ بووە. 
 
یونس دەڵێ "خەڵکی ئێرە لە پارێزگاکانەوە هاتوون. هەیە لە دیالە و هەیە لە تکریتەوە هاتووە. گەڕەکەکە کەمێک ماندووە و خەڵکەکەش بەهەمان شێوە. زۆربەی دانیشتووانی ئێرە فەرمانبەر نین، زەوی گەڕەکەکە کشتووکاڵییە و گوایە بەنیازن تاپۆی بکەن، زەویی 200 مەتر بە 15 بۆ  20 مليۆنە و 100مەتریش بە نزیکەی 15 ملیۆن دینارە".
 
گەڕەکەکە دەکەوێتە نێوان لەیلان و پەنجا عەلی، تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش هەزار خانووی لەسەر دروستکراوە. زەویی گەڕەکەکە کشتووکاڵییە، بەڵام کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، ئەمەش بە تەعریبکردنی کەرکووک دادەنرێت.
 
فەهی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەمبارەیەوە دەڵێ، "تەعریب لە کەرکووک و خانەقین و مەخموور لە هەموو ناوچەکەکانی دیکە لە ئاستێکدایە، کە دەبێت سەرکردایەتی کورد  بڕیار و دوا قسەی لەسەر بکات. ئەوەی جێگای مەترسیی گەورەیە ئەوەیە؛ بە هێمنی ئەو تەعریبە دەکەن. من، پێموایە حکومەتی عێراق نە جدییە و نە دیدگایەکی روونی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، یان لایەنی کەم جێبەجێکردنی ماددەی 140".
 
بەپێی بڕیاری 320ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق "نابێت رێگەبدرێت خانووی زێدەڕۆ دروستبکرێت"، بەڵام لەو گەڕەکەی کەرکووک، دروستکردنی خانوو هەر بەردەوامە و رێگرییەکان تەنیا قسەن. 
 
فەلاح یایچڵی، قایمقامی کەرکووک دەڵێ "هەر زێدەڕۆییەک هەبێت، هەڵدەگیرێت. جا ئەگەر (ئەو کەسەی دەیکات) ناسنامەکەی کەرکووک بێت یان دەرەوەی کەرکووک. هەرلایەنێک هاوکاری زێدەڕۆیی بکات، لەلایەن لایەنە ئەمنییەکان یان شارەوانییەوە دەیاننێرینە دادگا بۆ پێش یاسا، تاوەکو لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزای خۆیان وەربگرن".
 
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، پێنج گەڕەکی نوێ لە کەرکووک دروستکراون، کە سەرجەمیان زێدەڕۆیین، گەڕەکەکان یەکێکیان تورکماننشینن و چواریان عەرەبنشینن. بەگوتەی موختاری گەڕەکەکان، بەشێکی زۆری ئەوانەی خانووی زێدەڕۆیان دروستکردووە لە گەڕەکە نوێیەکاندا، خەڵکی پارێزگای کەرکووک نین.