دەزگای خێرخوازیی بارزانی: لە عەفرین فڕنمان داناوە بۆ دابەشکردنی نان بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەدا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، بەردەوامن لە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و رۆژانە خواردن پێشکێشی زیاتر لە 5000 خێزان دەکەن و هاوکارییش دەگەیێننە گوندەکان.
 
رۆژی یەکشەممە 5ی ئاداری 2023 مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژانە لە مەرەش لە باکووری کوردستان پاکێجی خواردنی وشک و بەتانی دەدەینە هاونیشتمانیان؛ لە ئامەدیش خواردنی گەرم پێشکێشی خێزانە لێقەوماوەکان دەکەین."
 
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە مەرەش و ئامەد و گوندەکانی ئەو پارێزگایانە رۆژانە هاوکاریی زیاتر لە 5000 خێزانی لێقەوماو دەکەن. گوتیشی، "ئێستا زیاتر روو دەکەینە گوندەکان کە دوورەدەستن و پێویستیان بە هاوکاریی زیاترە."
 
قەزای عەفرین و پێنج ناحیەی و 300 گوندی سنوورەکە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتی، "بە بەرنامە هاوکاریی هەموو سنووری عەفرین دەکەین؛ لەنێو عەفریندا فڕنمان داناوە و رۆژانە نان دەکەن و بەبێ بەرامبەر دابەشی دەکەین. هەروەها پاکێجی خواردن و بەتانی دەگەیێنینە گوندەکان کە رۆژانە زیاتر لە 500 خێزان لەو پاکێجانە سوودمەند دەبن."
 
رۆژی دووشەممە 6ی ئادار، مانگێک بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی باکووری کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە کاریگەریی لەسەر رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریاش هەبوو، وێڕای گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان هەزار کەس، دەیان هەزاریش بێ ماڵ مانەوە و پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە.