شەڕی رووسیا و ئۆکراینا نرخی رۆنی شل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە

06-03-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا نرخی رۆنی شل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا نرخی رۆنی شل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کاریگەریی لەسەر بەشێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش کردووە، بەو هۆیەوە نزیکەی مانگێکە بەرهەمهێنانی رۆنی شل لە یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی رۆنی شل لە هەرێمی کوردستان وەستاوە.
 
دیار دڵپاک، سەرپەرشتیاری کارگەکەیەکی بەرهەمهێنانی رۆنی شلە لە هەولێر و دەڵێت، 30 هەزار تۆن ماددەی سەرەتایی دروستکردنی رۆنی شل لە رووسیا و ئۆکراینا ماوەتەوە و ناتوانن هاوردەی بکەن، هەروەها دەشڵێت، "نزیکەی مانگێکە بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا کارەکانی کارگەکەمان وەستاوە، هەموو مەوادە سەرەتاییەکانمان لە رووسیا و ئۆکرایناوە بۆ دەهات، ئێستاش رێگە نییە ماددە سەرەتاییەکانمان بێنین، بۆیە وەستاوە."
 
33 جۆر رۆنی شل لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا هەن، لە دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناەوە، نرخی سەرجەمیان بەرزبووەتەوە.
 
چەمۆ خەیلانی، کۆفرۆشێکی رۆنی زەیتە لە هەرولێر و باس لەوە دەکات، "60٪ـی ماددە سەرەتاییەکانی زەیت لە ئۆکراینا هاوردە دەکرێت، ئێستاش بەهۆی شەڕ هیچ نایەت، نرخی رۆن و زەیت گرانبووە، رۆن بە 33 دۆلار بوو پێشتر، ئێستا بە 42 دۆلارە، واتە یەک تەنەکە رۆن 9 دۆلار گرانبووە، زەیت بە 65 هەزار دینارە، پێشتر بە 50 هەزار بووە، واتە 15 هەزار گرانبووە."
 
بەپێی پێوەری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 15 لیتر رۆنی شلە. بەو پێیە، شەش ملیۆن و 270 هەزار دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە پێویستییان بە 94 هەزار و 50 تۆن رۆنی شلە. 
 
سەروان هۆشیار، خاوەنی زنجیرەیەک مارکێتە لە هەولێر و بە رووداوی گوت، "لەو باوەڕدام ئەگەر بڵێن ئەمڕۆ رێگە داخرا، ئەوە کۆمپانیا و کارگەکان دەتوانن دوو مانگ بۆ سێ مانگ رۆن و زەیت دابینبکەن لە کوردستان، بەڵام خەڵکیش بەخۆی قەیرانەکەی دروستکردووە، پێویستی بە کارتۆنێکە ئەو دوو، سێ یان چوار کارتۆن دەبات."
 
لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی رۆنی گوڵەبەڕۆژەدا، ئوكراینا پێشەنگی وڵاتانە، بەجۆرێک جگە لە کەرەستەی خاو، ساڵانە زیاتر لە 3.3 ملیۆن تۆن رۆنی شل هەناردە دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە