محەممەد حاجی مەحموود بە سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حاجی مەحموود جارێکی دیکە بە سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموودی برایشی دوای کشانەوەی رکابەرەکانی بە جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە کۆنگرەی ئەمجارە ناوی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان گۆڕدرا بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.
 
رۆژی شەممە 5-3-2022 محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند "دەبوایە کۆنگرەی ئەمجارە ئەوەندە دوانەکەوتبایەوە. پێشتر زۆر کەس کە دەچووە سەرکردایەتی پاڵی لێدەدایەوە بەڵام دەبێت ئەمڕۆ بە ئەمانەتەوە بڕیارەکانی کۆنگرە جێبەجێ بکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانەی خۆیان بۆ سەرکردایەتی هەڵدەبژێرین نابێت ئەوەندەی وێنەی گەشتەکانیان لە فەیسبووک دابنێن و باسی حیزب نەکەن. 
 
لەبارەی ژنانی بەشداریش لە حیزبەکی گوتی "هیوادارم ئافرەتان جێگەی خۆیان بگرن و کار بۆ رێکخستنی شەهیدان بکەن."
 
هەر لە گوتارەکەیدا سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند " ئێمە بەرەو هەڵبژاردنەکانی کوردستان هەنگاو دەنێین و هیوادارم ئەندامانی حیزب هەنگاوی باشتر بنێن. سەرکردایەتی نوێی حیزبیش بەرپرسیارە لە هەموو شتێک کە پەیوەندی بە خەڵک و حیزبەوە هەیە."

 

 
لە کۆنگرەی ئەمجارەدا ئەندامانی سەرکردایەتی لە 39 ئەندام پێکدێن. محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت " ئەوەی دەرنەچوو دەبێ زۆر ئاسایی وەریبگرێت و گرنگ ئەوەیە خۆی بەردەوام بێت لە خەبات و تێکۆشانی خۆیدا."