زیاتر لە دوو هەزار لەوانەی کەرەنتینە کراون لە 48 کاژێری داهاتوودا دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان

 
رووداو - هەولێر

یه‌كێك له‌و 27 بنكه‌ی كه‌ره‌نتینكردن کە بۆ گلدانەوەی گومانلێكراوانی كۆرۆنا دابینکراوە له‌ هه‌رێمی كوردستان لە شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوەیە و 80 كه‌سی تێدا كۆكراوه‌ته‌.
 
ئەوانەی لەو بنکەیە کەرەنتینە کراون دوو هه‌فته‌یه‌ پێكه‌وه‌ خواردن و خۆشی و ناخۆشییه‌كانیان دابه‌شكردووه‌، ئه‌گه‌رچی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانیان به‌سه‌ردا داخراوه‌، به‌ڵام توانیویانه‌ به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌دا زاڵبن، هه‌ندێكیان سه‌رقاڵی دۆمینه‌ن، ناوبه‌ناویش به‌ گۆرانی گوتن وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌مووان ئه‌ندامی یه‌ك خێزانن یان كه‌سوكاری نزیكی یه‌كترن.
 
شاكر عه‌بدولڕەحمان، هاونیشتمانییەکی کەرەنتینە کراوە، سوپاسی حکومەت دەکات لەوەی رێکاری تەندروستیی گرتووەتەبەر و دەشڵێ، سوودیان لەو ماوەیە بینیوە بۆ ناسین و ئاشنابوون بە خەڵکی دیکە.
 
سه‌لیم مه‌جید بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشیی دایكی چووه‌ ئێران، نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه،‌ به‌ڵام هیچ پشكنینێكیان بۆ نه‌كراوه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ لێره‌ن هه‌ندێكیان نیگه‌رانن له‌ پشكنین نه‌كردنیان، به‌ڵام به گوته‌ی سه‌لیم پزیشکەکان دڵنیاییان پێداون كه‌ پێویستیان به‌ پشكنین نییه‌.
 
به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند حاڵه‌تێكی نوێی توشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یێندراون، كه‌ره‌نتینه‌كراوه‌كان ترسیان له‌ ده‌رچوونیان هه‌یه‌، چونكه‌ دڵنیان له‌ ده‌ره‌وه‌ ناتوانن وه‌كو ئێره‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن و خۆیان له‌ قه‌ره‌باڵخی به‌دووربگرن.
 
رۆژانه‌ تیمی ته‌ندروستی سه‌ردانی کەرەنتینە کراوەکان ده‌كات، رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان پێ راده‌گه‌یێنێت، شوێنی نووستن و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ و رێڕه‌وه‌كان پاك ده‌كرێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌شی كه‌ نه‌خۆشن چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ ده‌كرێت.
 
له ‌ماوه‌ی 24 بۆ 48 كاژێری داهاتوودا زیاتر له‌ دوو هەزار كه‌س شوێنی مانه‌وه‌ی 14 رۆژه‌یان به‌جێدەهێڵن، له‌نێو ئه‌و ژماره‌یه‌دا نزیكه‌ی هەزار كه‌سیان له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێرن.
 
سه‌رباری ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌ هه‌ولێر گیراونه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام خه‌ڵك به‌ گومانه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و داتایانه‌ ده‌كەن كه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، پارێزگاری هه‌ولێریش ده‌ڵێت هیچ شتێك ناشارنه‌وه‌ و هه‌ر حاڵه‌تێك هه‌بێت رایده‌گه‌یێنن.
 
حكومه‌تی هه‌رێم له‌ سنووره‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ توانی رێگرى له‌ تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێت به‌ كه‌ره‌نتینه‌ كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام وه‌كو مه‌ترسی ده‌بینرێت و هێشتا كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكییه‌ له‌ڕێگه‌ی قاچاخه‌وه‌.