ئاسۆ مامەند: ئەو هەنگاوەی گرتوومانەتەبەر رق و کینەی خەڵکی کەرکووکە

05-03-2017
گۆڤەند مستەفا
"ئێمە لەسەر ئەو ئاراستەیەمان بەردەوام دەبین"
"ئێمە لەسەر ئەو ئاراستەیەمان بەردەوام دەبین"
نیشانەکردن کەرکووک نەوت یەکێتی
A+ A-

رووداو - کەرکووک

لە بەرامبەر بردنێکی هێزێکی تایبەتی سەر بە مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک بۆ سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەگەڵ ئەندامەکانی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بۆ راگەیاندنە عەرەبییەکانی کەرکووک ئەنجامدا و جەختیان لەسەر مانەوەی هێزەکانیان کردەوە تا ئەو کاتەی وەزارەتی نەوتی عێراق و حکومەتی عێراق داواکاری پارێزگای کەرکووک جێبەجێ دەکەن.


ئاسۆ مامەند، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: "ماوەیەکی زۆرە هەست دەکەین، غەدر و ناحەقییەکی زۆر لە خەڵکی کەرکووک و دانیشتووانەکەی دەکرێت، چەندین جار نوێنەرانی کەرکووکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بابەتە ئاگادارکردووەتەوە، ئەو هەنگاوەی گرتوومانەتەبەریش رق و کینەی خەڵک و جەماوەری کەرکووکە بە سەرجەم پێکهاتەکانیانەوە، چونکە خەڵکی کەرکووک لەوە زیاتر نە لە ئێمەو نە لە هیچ لایەنێک قبووڵ ناکات".

لەلایەکی دیکەوە رێبوار تەها، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: "بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوتی حکومەتی ئیتحادی و بریکارەکانی وەزارتی کارەباو پلاندانان و دارایی و بە ئامادەبوونی پارێزگارەکانی کەرکووک و نەینەوا و سەلاحەدین، واژۆ لەسەر 6 خاڵی بنەڕەتی کراوە، لەنێویاندا دروستکردنی پاوڵاوگەیەکە بۆ کەرکووک، یان زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی نەوتی کەرکووک بۆ 70 هەزار بەرمیل، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی کەرکووک پڕ بکاتەوە".

رێبوار تەها، گوتی: "بەڵام بەداخەوە، ئەو کۆنووسە لە 10-1-2017وە واژۆی لەسەر کراوە،  دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوومانگ ئەو خاڵە جێبەجێنەکراوە کە پارێزگای کەرکووک و جەماوەری کەرکووک داوایانکردووە".

نوێنەرەکەی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەدات: "تەنیا یەک خاڵیان لەو رێککەوتنە جێبەجێکردووە، ئەویش پێدانی رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتە بە پاڵاوگەی نەینەوا کە لە ئاسکی کەڵەکە، لەو نەوتەی کە لەژێر ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکوورە لە کەرکووک ، نەک نەوتی کێڵگەکانی بای حەسەن و ئاڤانە".

رێبوار تەها، روو لە وەزارەتی نەوتی عێراقی و حکومەتی ئیتحادی دەکات و دەڵێت: "چۆن رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیای کار دەدەن، کە هەر خۆتان دەڵێن و بانگەشەی ئەوە دەکەن، کۆمپانیای کار دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و ئاڤانەدا گرتووە، لەلایەکی دیکەشەوە رێککەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن و لە نەوتی کەرکووک نەوتیان پێدەدەن، بۆیە بەداخەوە ئەمە ئیزدواجیەتێکی روونە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە".

رێبوار تەها، دەشڵێت: "ئەو هەنگاوەی گرتوومانەتەبەر، داوکارییەکی جەماوەرە، داوکاری شەقامی کەرکووکە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بە عەرەب و کوردو تورکمان و کلدو ئاشووریەوە، تەنانەت ئەو ئاوارانەی ئەمڕۆ لەکەرکووک نیشتەجێن ئەو داواکاریەیان هەیە، ئێمە لەسەر ئەو ئاراستەیەمان بەردەوام دەبین، بۆ ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق داواکارییەکانی جەماوەر و ئیدارەی کەرکووک جێبەجێ دەکات".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە