محەممەدی حاجی مەحموود: پێش 2020 کورد دەبێتە خاوەن دەوڵەت

05-03-2015
نەبەرد حوسێن
نیشانەکردن محەمەدی حاجی مەحمود
A+ A-

رووداو- هەولیر

لە پانێڵێکدا کە زانکۆی کوردستان- هەولێر بەبۆنەی یادی راپەڕینەوە بۆ هەریەک لە عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هاری شوت، راوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ کارووباری سەربازی، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رێكیخست، باسی رەوشی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.


محەممەدی حاجی مەحمود لەو پانێڵەدا رایگەیاند كە کورد لەرابردوودا هەمیشە لەشەڕدا براوەبووە و لە سەرمێزی گفتوگۆش دۆڕاو، بەڵام لەدوای شەڕی داعشە ئێستا کورد، لەسەر مێزی گفتوگۆش براوەیە.

سەبارەت بە بڕینی مووچەو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، محەممەدی حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، کە حکومەتی بەغدا بە فڕۆکە مووچەی تکریت و موسڵ و ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدان، دەنێرێتە کەرکووک، لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بەناو هێزەکانی پێشمەگەدا دەنێردرێت بۆ ئەو ناوچانە.

سکرتێری گشتی سۆسیالیست راشیگەیاند، لە بەرپرسانی بەغدامان پرسیوە بۆچی دەتوانن پارەی موسڵ و تکریت بدەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نانێرن؟ لە وەڵامدا پێیان گوتین "ئاخر ئەوان نەوتیان نییە، بەڵام ئێوە هەتانە"

هەر لەو پانێڵەدا محەممەدی حاجی مەحموود باسی لە خاکی عێراق کردو گوتی:" ئێستا عێراق بووەتە سێ بەش و سێ حکومەتی تێدایە، حکومەتی موسڵ و بەغداو هەرێمی کوردستان". 

رەخنەی تووندیشی لەو کەسانە گرت کە دەڵێن عێراق یەکگرتووە و دەڵێن "عێراقی موحد"، ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەر ئەو کەسانە راستدەکەن دەڵێن عێراق یەکە با بەفڕۆکە هاتوچۆی بەغدا و بەسرا نەکەن و بە ئۆتۆمبێل هاتوچۆ بکەن، هەروەها گوتیشی:" عێراق تەنها سوپاکەی یەکبوو ئەویش نەماو ئێستا بووە بەسێ هێز "حەشدی شەعبی هی شیعەیەو پاسەوانی نیشتمانی سوننەیە و پێشمەرگەش کوردە".

سەبارەت بە داعش محەممەد حاجی مەحموود گوتی:" ئێستاش لێرەو لەوێ دەبینین بە فڕۆکە هاوکاری بۆ داعش فڕێدەدرێتە خوارەوە".

رووداو پرسیاری ئەوەی لە محەممەدی حاجی مەحموود کرد بۆچی بێدەنگن لە ئاستی ئەو رووداوە، لە وەڵامدا گوتی": حكومەتی عیراق خۆی بێدەنگ کردووە، باشیش ئەوە دەزانێت کە هاوکاری داعش کراوە بەفڕۆکە، بەڵام دەڵێن ئەو فڕۆکانە لە رەققەوە دێن". بە سەرسووڕمانەوە پرسیاری کرد باشە داعش فڕۆکەی لەکوێ بوو؟ راشیگەیاند لە ئاسمانی عیراقدا تەنها فڕۆکەی عێراقی و ئەمریکی دەسووڕێنەوە، هەر یەکێکيشە لەوانە كە هاوکاری بۆ داعش فڕێدەدەنە خوارەوە.

سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش گوتی:" بەم شێوەی ئێستا 100 جاریش تێکەڵیان بکەینەوە هەر هەڵدەوەشێتەوە، مەحاڵە بەمشێوەیە بتوانرێت هێزی پێشمەرگە یەکبخرێت".

لەبارەی دەوڵەتی کوردیش محەممەدی حاجی مەحموود رایگەیاند، دڵینام ئێستا کورد پێگەیەکی بەهێزی هەیە لە جیهاندا "پێش 1ی 8ی 2014٤  کورد بەقاچاخ چەکی دەکڕی بۆ پێشمەرگە، بەڵام ئێستا بەفڕۆکە و بە فەرمی کورد لە چەندین وڵاتی زلهێزەوە چەکی بۆ دێت". گوتیشی:"  دڵنیام پێش 2020 کورد دەبێتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە