وەزارەتی کارەبا: مانگی رابردوو رۆژانە 9 کاژێر کارەبا دراوەتە هاوبەشان

زۆرترین کاژێرەکانی کارەبا لەو مانگەدا رۆژانە لە گەرمیان بووە و 11 کاژێر و 35 خولەک بووە
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، تێکڕای پێدانی کارەبا لە مانگی کانوونی دووەم 8 کاژێر و 58 خولەک بووە.
 
لە مانگەکانی 12، 1 و 2ی هەموو ساڵێکدا بەهۆی سەرما و زیادبوونی خواست، کارەبای نیشتمانی کەم دەبێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 5ی شوباتی 2025 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە زاخۆوە تاوەکو کفری تێکڕای پێدانی کارەبا رۆژانە بەپێی جیاوازیی ناوچەکان 8 کاژێر و 58 خولەک بووە، ئەم دوو سێ مانگە سەختترین مانگی زستانە و خواست بە شێویەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە، بۆیە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەم دەکەن."
 
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا بەپێی ناوچەکان بۆ مانگی کانوونی دووەم بەم شێوەیە بووە:
 
پارێزگای هەولێر: 8 کاژێر و 37 خولەک
پارێزگای سلێمانی: 7 کاژێر و 25 خولەک
پارێزگای دهۆک: 8 کاژێر و 35 خولەک
ئیدارەی گەرمیان: 11 کاژێر و 35 خولەک
 
ئومێد ئەحمەد دەڵێت، "بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، 500 مێگاوات کارەبا زیاد بکرێت و بەم شێوەیەش کارەبا زۆر لە ئێستا زیاتر دەبێت و دەبێتە 4,000 مێگاوات."
 
لە هەرێمی کوردستان 3,500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.