رووداو دیجیتاڵ
ئەو رۆژنامەڤانەی ئەمڕۆ لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنار لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا، ئەمشەو ئازاد کرا و دەڵێت، "دەست و قاچم کەلەپچە کرا و رەفتار و هەڵسوکەوتیان لەگەڵم زۆر خراپ بوو."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025) بەشدار بازیانی، ئەو رۆژنامەڤانە دوای ئازادبوونی بە رووداوی گوت، "هێشتا نازانم هۆکاری دەستگیرکردنم چی بوو، هیچ گوتەیەکیان لێ وەرنەگرتم؛ دەست و قاچم کەلەپچە کرابوو، هەروەها رەفتار و هەڵسوکەوتیشیان لەگەڵم زۆر خراپ بوو."
بەشدار بازیانی گوتیشی، "قوباد تاڵەبانی بووە کەفیلم و ئازادی کردم. گوتیان دواتر دادوەر روونکردنەوە لەسەر هۆکاری گرتن و داهاتووی دۆسییەکەت دەدات."
هاوکات رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان بە رووداوی راگەیاند، "بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رەفتار و هەڵسوکەوتە دەکەین، کە بەرامبەر ئەو رۆژنامەڤانە کراوە، چونکە پێچەوانەی مافی مرۆڤ و زیندانیکراوانە."
بەگوێرەی سەنتەری میترۆ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دا كراوە پاشان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریداوە بە مانەوەی لە گرتووخانە تاوەکو 9ـی شوباتی 2025.
ئێوارەی ئەمڕۆ رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت "قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێداوم هەر ئەمشەو ببێتە کەفیلی و بەشدار بازیانی بە کەفالەت ئازاد بکات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری دەستگیرکردنی بەشدار بازیانی، بۆ کەڵەکەبوونی ئەو سکاڵایانە دەگەڕێتەوە کە لە دژی تۆمارکراون و پێشتر چەند جارێک ئاگادارکراوەتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم دادوەر، بەڵام ئامادە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ