پۆلیسی هەولێر بکوژی ئەو ئافرەتەی دەستگیرکرد کە تەرمەکەی بە سووتێندراوی دۆزرایەوە

05-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی هەولێر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکرد، کە بەرەبەیانی دوێنێ ئافرەتێکی خنکاند و دواتر تەرمەکەی سووتاند. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێکی بە رەگەز عەرەبی سووریاییان بە ناوی (م. ب. ذ.) بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێکی بە رەگەز عەرەب بە ناوی (ئا. س. م.) دەستگیر کردووە.
 
کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم تۆمەتبارە لەگەڵ ئەو ئافرەتە لە هۆتێلێک لەسەر پارە دەبێتە دەمەقاڵییان و، لە ئەنجامدا تۆمەتبار ئافرەتەکە لە ژوورەوە بە کێبڵێک دەخنکێنێت و دواتر پارە و ئاڵتوونەکانی دەدزێت."
 
 
کارزان ساڵح گوتیشی، "تۆمەتبارەکە دوای کوشتنی، تەرمی ئافرەتەکەی گواستووەتەوە بۆ شوێنێکی دوورەدەست، لەڕێگەدا بەنزینی کڕیوە و دواتر لە شوێنێکی سنووری ناحیەی بەحرکە تەرمەکەی سووتاندووە."
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "دوو کاژێر دوای دوای رووداوەکە، توانیمان تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەین و دانی نا بە تاوانەکەیدا، ئێمەش پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ کردووەتەوە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادان دراوەتە دادگەی تایبەتمەند."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە