یەکەم تاقیکردنەوەی دوای هەڵبژاردن؛ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆنەبووەوە

05-02-2024
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن رۆنی ئۆتۆمبێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بایکۆتی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمان نەیهێشت یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنە نوێیەکەی پارێزگای کەرکووک بکرێت و سەرۆک و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردرێن. جێگری سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "لە دواکەوتنی وادەکان یاسا هیچ سزایەک یان رێکارێکی دیارینەکردووە."، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردنیش پێشنیازی نوێی پێیە.
 
عەرەب و تورکمان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد
 
دوای 15 رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ـی شوبات و لە وەڵامدانەوەی نووسراوی راکان جبووریی، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، فراکسیۆنە کوردستانییەکان "یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەی ئەنجوومەنی پارێزگا بوون بۆ کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان تەواو بکەن، کە نۆ کورسییە. بەوهۆیەوە کۆبوونەوەکە نەکرا.
 
هەر یەکە لە هاوپەیمانی عەرەبی لە کەرکووک 3 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی، هاوپەیمانی قیادە 2 کورسی، هاوپەیمانی عرووبە 1 کورسی، ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، کە بە سەرجەمیان خاوەنی هەشت کورسین.
 
سەعد ئەلڕاوی، جێگری پێشووتری سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی هیچ دەقێکی یاسایی نییە باس لەوە بکات، ئەگەر هێز و لایەنە سیاسییەکان لەو ماوانەی دیاریکراون نەگەیشتن بە هیچ چارەسەرییەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی و پارێزگار و دوو جێگرەکەی، بۆیە پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتن دەمێنێتەوە."
 
سەعد ئەلڕاوی ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی لە کەرکووک روویداوە دۆخێکی دەگمەنە، بۆشایی یاسایی هەیە لەوەی فراکسیۆنەکانی دیکە نەچوونەتە کۆبوونەوە، دەبێت ئەو بۆشاییە یاساییە چارەسەربکرێت.
 
لە بڕگەی یەکەمی مادەی 7ی یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێمێکدا هەیە هاتووە، "سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دوو جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بە زۆرینەی رەهای ئەندامەکانی و لە یەکەم دانیشتنیدا لەماوەی 15 رۆژ لە رۆژی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەگەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن بەردەست نەبوو، رۆژی 16یەم کۆبوونەوەکە دەکرێت و بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن سەرۆکایەتی دەکات."
 
هەروەها لە بڕگەی حەوتەمیش هاتووە، "هەڵبژاردنی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن لە ماوەی 30 رۆژ لە بەستنی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجوومەن."
 
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەی پشتڕاستیدەکاتەوە یاسا بەرکارەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ لێکەوتەیەک لەسەر هێز و ئەنجوومەن و دامەزراوەکان دانانێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی نەگەن بە رێککەوتن لە وادەکانی یاسایی، دەشڵێت، "لەو ناوچانەی لە قۆناخی دوای ناکۆکییدا چارەسەری واقیعی پشتی پێدەبەسترێت."
 
لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخەکەشەوە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکووک، دەڵێت، "باشترین بژاردە ئەوەیە کام بەربژێر زۆرترین دەنگی هێناوە وەکو سازانێک دەبێتە پارێزگاری ئەو شوێنە."
 
دوای نەهاتنی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمانی بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامەکەی کۆتای مەسیحی نووسراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ 8 ئەندام لە کۆی 15 ئەندام کە رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبووین و ئەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەکرد".
 
 رێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە گوتی، "پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ئێمە رێز لە بۆچوونیان دەگرین و لەسەر بنەمای بەیەکەوە کارکردن، رێککەوتن و هاوسەنگی کۆبوونەوەکەمان بەڕێوەنەبرد".
 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی ئەو سێ لایەنەی لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادە بوون، حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک, گوتی، "ئومێدمان ئەوەیە لە داهاتوودا هەموو پێکهاتەکانی ئەنجوومەن بەیەکەوە کۆببینەوە، لەبەرئەوەی هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە دانیشتن و گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام".
 
 
لێکەوتەیەکی ئاڵۆز بۆ خشتەی کورسییەکانی کەرکووک
 
هەڵبژاردنی 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک نەخشە و خشتەیەکی ئاڵۆزی هێناوەتە کایەوە، جگە لەوەی هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان "کورد، عەرەب و تورکمان" زۆرینەی کورسییەکانیان بەدەستنەهێناوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەشێوەیەک یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی بەبێ ئەوانی دیکە بتواندرێت رێکارەکانی ئەنجوومەنی نوێ و پارێزگار تەواو بکات، هەرچەندە بەهۆی تێکەڵەی پارێزگاکەوە، ئەمە بۆ کەرکووک بە "ئەستەم" دەزاندرێت.
 
دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک لە ساڵى 2005 کرا و لە کۆى 41 کورسیی ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک، لیستى برایەتى کە یەکێتى و پارتى پێکهێنەرى سەرەکیى بوون، 26 کورسییان بەدەستهێنا و پۆستى پارێزگاریان وەرگرت.
 
خەبات نەجمەدین، شرۆڤەکاری سیاسیی، لەبارەی گەیشتن بە چارەسەر بۆ دۆخی کەرکووک، دەڵێت، "بەهۆی ئەوەی دۆخی پارێزگای کەرکووک هەستیارە، باوەڕم وایە بەمنزیکانە ئەو کێشە چارەسەرببێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ ئەندامەکانی بەرەی تورکمانی رێککەوتن دەکرێت، چونکە بەردەوامیی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی پارێزگاکە نییە."
 
ئەو دەشڵێت، "رەنگە بتواندرێت لەرێگەی دادگەی فیدڕاڵییەوە ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت، ئەوەش لە رێگەی ئەوەی فراکسیۆنێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە دادگەی فیدڕاڵی سکاڵا بکات و داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و گرتنەبەری رێکارەکان بکات، ئەو کات دادگە رۆژێک دیاری دەکات بۆ کۆبوونەوە و دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە، بەڵام ئەگەر لەو رۆژە نەگەیشتن بە چارەسەر دیارنییە دوای ئەوە چارەنووسی ئەنجوومەن چی دەبێت، بۆیە بۆشایی یاساییمان لەوبارەیەوە هەیە."
 
رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسند کرد، کە رۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی بۆ کرا.
 
بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد 7 کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، کریستیانەکەش کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، یەکلایی بووەتەوە بۆ پشتیوانی دوو فراکسیۆنە کوردییەکە، بەڵام هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.
 
هەردوو نەتەوەی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک وێڕای ئەوەی بە تەنیا ناتوانن ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنن، پێکەوەش وەکو هاوپەیمان دەبنە هەشت کورسی و پێویستیان بە کورسییەکی دیکەیە بۆ دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک.
 
تەنیا بە یەک سیناریۆ دەتواندرێت کورد لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک و دانانی پارێزگار دووربخرێتەوە، ئەویش هاوپەیمانی نێوان عەرەب و تورکمان و کۆتای مەسیحییەکانە، کە ئەمەش بە دوور دەزاندرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کچە خوێندکارێک سەرقاڵی چاودێریی ئەو گوڵەیە کە بردوویەتی بۆ قوتابخانەکەی. وێنە: رووداو

قوتابخانەکەیان دەڵێی باخچەیە؛ لە قوتابخانەیەکی بەردەڕەش چاڵێنجی سەوزکردنی قوتابخانەکە بەڕێوەچوو

قوتابییانی قوتابخانەی ئامادەیی بەنێنان لە بەردەڕەش قوتابخانەکەیانیان پڕکردووە لە گوڵ. هەموو قوتابییەکان گوڵێک یان زیاتر دەبەنە قوتابخانەکەیان، دوای ئەوەیشی گوڵ دەبەنە قوتابخانەکە، چاودێریی گوڵەکانیش دەکەن