رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، پەیامێکی لە بارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، لە زیندانەوە بۆ دەرەوە نارد و رایگەیاند، دەم پارتی پایدەری هیچ لایەنێک نییە بۆ ئەوەی لەسەر شانی ئێمەوە بەرەو پێش بچێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سری ساکیک، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی دەم پارتی لە بازنەی ئاگری، سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی کورد لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد.
دوای دیداری دەمیرتاش، رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە ساکیک کرد، کە "هەڵوێستی دەمیرتاش لەبارەی بڕیاری دەم پارتی بۆ بەشداریکردنی بەربژێریان بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ چی بووە؟" سری ساکیک، رایگەیاند، دەمیرتاش گوتی، "دەم پارتی پایدەری هیچ کەس و لایەنێک نییە بۆ ئەوەی لەسەر شانی ئێمەوە باز بدات و بەرەو پێش بچێت".
ساکیک ئەوەیشی خستەڕوو کە دەمیرتاش گوتوویەتی، "پێویستە بەرپرسان و رێکخستنەکانی دەم پارتی ئامادەیی زۆر باشیان بۆ هەموو ئەگەرەکان هەبێت و بەپێی پلانێکی زۆر تۆکمە بچنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە بەربژێرەکانیان بدەن."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باسی لەوەشکرد، رەخنەی زۆریان لێگیراوە، گوایە راگەیاندنی بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەبێتە هۆی ئەگەری دۆڕاندنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و گوتی، "دۆڕاندنی ئیمامئۆغڵو کێشەی ئێمە نییە، بەلای ئێمەوە دۆڕاندن و بردنەوەی بەربژێری دوو لایەنی سەرەکیی تورکیا کە لە رەفتار و سیاسەتکردندا زۆر لە یەکدی دەچن هیچ گرنگ نییە. ئێمە رێگەی سێیەممان هەڵبژاردووە و لەم رێگەیەدا سیاسەتی دیموکراسی پەیڕەو دەکەین."
رۆژی 4ـی مانگ، ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی رایگەیاند، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار بە هاوسەرۆکایەتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، بۆ ماوەی پێنج کاژێر کۆبوونەوە، بڕیاریاندا پشتیوانی لە بەربژێری هیچ لایەنێک نەکەن و بەربژێری خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەبێت. رۆژی 9ـی مانگ، ناوی بەربژێرەکان بە ئیستەنبووڵیشەوە دیاری دەکرێن."
سەبارەت بە بەربژێرکردنی باشاک دەمیرتاش، بۆ گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵ، ئایشەگول دۆغان گوتی، "باشاک دەمیرتاش و چەندین بەربژێری دیکەش ناوەکانیان لە رۆژەڤدایە. هەڵسەنگاندن بۆ هەموویان دەکرێت و بە پرس و راوێژ ئەنجامەکان یەکلایی دەکرێنەوە."
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
هەدەپە لە باکووری کوردستاندا 3 گەورەشارەوانی، 5 شارەوانی شار، 40 شارەوانیی شارۆچکەی بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا تەنیا پێنج شارەوانی لەدەستدا ماوەتەوە و ئەوانی دیکە قەییومیان بۆ دانرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ