کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکرا؛ عەرەب و تورکمان نەهاتن

05-02-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەبووایە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنی تورکمان و عەرەب ئامادەی کۆبوونەوە نەبوون و سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە دەڵێت، وەکو رێزگرتنێک لە بۆچوونەکانیان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگامان نەکرد.
 
رۆژی دووشەممە 5ـی شوباتی 2024، رێبوار تەها، سەرۆکی فراکیسیۆنی هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند، "پێکهاتەی عەرەب و تورکمان بەدەم بانگهێشتی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت نەهاتن و ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون".
 
راکان جبووری،  پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رۆژی 5ـی شوباتی دیاریکردبوو بۆ یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و نامەی فەرمی بۆ سەرجەم ئەندامانی تازە هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنەکە ناردبوو. رێبوار تەها دەڵێت، "فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەری مەسیحییەکان و هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووین".
 
لە پاش نەهاتنی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمانی، فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامەکەی کۆتای مەسیحی نووسراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ 8 ئەندام لە کۆی 15 ئەندام کە رێکارە یاساییەکانیان تەواوکردووە، لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبووین و ئەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەکرد".
 
لە خوارەوەی نووسراوەکەدا، پێنج ئەندامی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، دوو ئەندام لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامەکەی مەسیحی واژۆیان کردووە.

 

 
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، "پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، ئێمە رێز لە بۆچوونیان دەگرین و لەسەر بنەمای بەیەکەوە کارکردن، رێککەوتن و هاوسەنگی کۆبوونەوەکەمان بەڕێوەنەبرد".
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێنج کورسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسییان بەدەستهێنا، رێبوار تەها گوتی، "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونمان، بوونی خۆمان بە فەرمی راگەیاند و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین لە رۆژانی داهاتوو پێکهاتەکانی دیکەش بێنە پاڵمان و بەیەکەوە کار بکەین بۆ دامەزراندنی حکومەتی خۆجێیی".
 
لەم کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بە بانگهێشتنامەیەک کرد کە رۆژی 31ـی کانوونی یەکەم لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە پێیان گەیشتووە و ئاگادار کراونەوە رۆژی 5ـی شوبات لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگا ئامادەبن بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی تازەهەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک.
 
حەسەن شێخانی گوتی، "ئومێدمان ئەوەیە لە داهاتوودا هەموو پێکهاتەکانی ئەنجوومەن بەیەکەوە کۆببینەوە، لەبەرئەوەی هیچ رێگەیەکی دیکەمان نییە جگە لە دانیشتن و گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجام".
 

 
رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو و لە رۆژی 21ى کانوونى دووەم کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنەکەى پەسند کرد.
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت کە یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکان کە رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا 6 کورسییان هەیە و پێکهاتەی تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکانیش 1 کورسی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."