سەرچاوەیەک لە دادگەی فیدراڵی: دۆسیەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە مانگی شوباتدا یەکلایی دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند دانیشتنێک لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، دادگەی فیدراڵیی عێراق هێشتا بڕیاری لەبارەوە نەداوە. سەرچاوەیەک لە دادگەکەوە دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە لە مانگی شوباتدا دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە."
 
دانیشتنەکەی دوێنێی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵایەک دژی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ 11-2-2024 دواخرا. دووشەممە، 05-02-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ناتوانین نیەتی سەرۆکی دادگە و دادوەران بخوێنینەوە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە دۆسیەکە پێویستی بە وردەکاریی زیاترە."
 
هاوکات موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دواخستنی دۆسیەکە بۆ بەڵگە و وردەکاری، ئاساییە و هۆکاریش زۆرن بۆ دواخستن و گوتی، "پێم وانییە دواخستنە بەردەوامەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کەیسەکە بۆ ئەوەبێت هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدا بمێنێتەوە، چونکە دەبێ هەڵبژاردن هەر بکرێت، لەوانەیە یەکێک لە لایەنەکان ئامادە نەبووبن یان رێکارەکان تەواو نەبووبن."
 
موسەننا ئەمین نایشارێتەوە کە دوورنییە هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاساییدا، یەکێک بێت لە هۆیەکانی دواخستنی بڕیار، "بەڵام ناتوانین بەبێ بەڵگە بڵێین بۆ ئەوەیە."
 
بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوە باڵایەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە قسەی بۆ رووداو کردووە، "دۆسیەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی یاساییە و بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان نییە، ئێمە ناتوانین نیەت بخوێنینەوە، بەڵام بڕیارەکە لە مانگی شوبات دەرباز نابێت و یەکلایی دەبێتەوە."
 
سەرچاوەکە گوتیشی، "دۆسییەکە پێویستی بە وردەکاریی زیاترە، ئەگەر وابوایە، لەبری هەفتە بە مانگ دانیشتنەکان دوادەخران."
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دادگەی فیدراڵی داوای کردووە لیست و خشتەی ناوی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرین، ئێمە ئێستا سەرقاڵی نوێکردنەوەی ناوەکانین و  تاوەکو 11ـی شوبات لیستەکە لە بەردەستی دادگە دەبێت و پێشبینی دەکەین دوای ئەو هەموو دواخستنە 11ـی شوبات دادگە بڕیاری کۆتایی لەوبارەوە بدات."
 
بڕیاربوو یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵایەکەوە بدات کە پێشتر دوو سکاڵا بوون و یەکخراون لە دژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو، تۆمارکراوە، بەڵام دادگەکە بڕیاردانی بۆ 11-2-2024 دواخست.
 
شەرمین خدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "سەرۆکی دادگەکە بڕیاریداوە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جارێکی دیکە بهێنێتەوە بۆ سکاڵاکە و داوای لێکردوون لیست و خشتەی ناوی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان و دابەشبوونیان بەپێی پارێزگاکان ئامادە بکەن و بیدەنە دادگەکە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر سکاڵاکە بدات."
 
سکاڵاکە ژمارە 83ـی فیدراڵی /2023ـی هەیە و لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، سکاڵاکاران داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سکاڵاکە کە تاوەکو ئێستا هەشت دانیشتنی لەبارەوە کراوە؛ دوایین جار دوێنێ شەممە، 4ـی شوباتی 2024، دواخرا و پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
 
بەپێی ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، سکاڵاکە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێکارەکانی ئەوانی بۆ هەڵبژاردن راگرتووە و خشتەی کارەکانیشی دواخستووە.
 
ئەو مادانەی لە یاسای هەڵبژاردن کە سکاڵاکەیان لەسەر تۆمارکراوە:
 
یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە 111 ئەندام پێکدێت.
 
نۆیەم: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
 
پانزەیەم: بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار بە ناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن، بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان.
 
مادەی 22: هەر کیانێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی هەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت 30٪ کەمتر نەبێت.
 
مادەی 36:
 
یەکەم: پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێت. بەربژێرەکانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
دووەم: پێنج کورسی بۆ تورکمان تەرخان دەکرێن؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن.
 
سێیەم: یەک کورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەکرێت؛ بەربژێرانی ئەو پێکهاتەیە کێبڕکێی لەسەر دەکەن.
 
رۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانی بە نادەستووری دانا و رایگەیاند، بە گوێرەی بڕیارەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی لەدوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە دراون (واتە دوای 6ـی 11ـی 2022)، بە پووچەڵ دەژمێردرێن، لەنێویاندا شەش یاسا و بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمان، کە بەپێی بڕیارەکە، پارتی دەیگوت کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، یەکێتیش رەتیکردەوە و ناکۆکی لەنێوان هەردوولادا دروستکرد.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 09-10-2022ـی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ 31-12-2023 درێژکرایەوە، لە کاتێکدا 6-11-2022 تەمەنی خولەکە کۆتایی دەهات.