کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بەسەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکانی کۆبووەوە، پەیامنێری رووداو گوتی، ''لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی شاندی باڵای یەکێتی و پارتی لە دەباشان کراوە.''
کاژێر 10:30ـی ئەمڕۆ (دووشەممە 05-02-2024) کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی هەردوو جێگران، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە پیرمام کۆبووەوە.
بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پیرمام باسی لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی، خاڵی یەکەم کە لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتە بەرباس، گۆڕانکارییەکانی هەفتەی رابردووی حیزبەکە بوو، کە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە کرا.
لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە پیرمام، بڕیار لەسەر گۆڕانکاریی لە پۆستی چەند بەرپرسیاریێتیی لق و ئۆرگانەکان درا و، شوێنی چەندین بەرپرسی دیاری حیزبەکە گۆڕدران.
پەیامنێری رووداو گوتیشی، ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکان لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە پەسندکراون، ''هەروەها باس لەو گۆڕانکارییانەی دیکە کراون، کە رەنگە دووبارە لە لق و ئۆرگانەکانی پارتیدا بکرێن.''
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان کە لەلایەن مەکتەبی سیاسیی پارتی لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتە بەردەم ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، ئەنجامی کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان پارتی و یەکێتی بوو لە دەباشان.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێریی مەکتەبی سیاسی، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای یەکێتی، پێشنیازی ئەوەیان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک کردووە، کە کەسێکی بێلایەن هەڵبژێردرێت، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ئەم حیزبە رەتکراوەتەوە، دواتر پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە بەربژێرێکی یەکێتی بکرێتە پارێزگار، کە بە دڵی پارتیش بێت.
بەگوتەی بەختیار قادر، پێشنیازەکەی بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هێندراوەتەوە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و ئەمڕۆ باس کراوە.
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، یەکێتى پێنج ئەندام و پارتى دوو ئەندامى ئەو ئەنجوومەنەى بەدەستهێناوە، فراکسیۆنە عەرەبییەکانیش کە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە، 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کرستیانەکان 1 کورسیان بەدەستهێناوە.
دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 14 پارێزگای عێراق و کەرکووک بەڕێوەچوو، ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بوو لە ئاستی باڵادا.
هاوکات چەند پرسێکی دیکە لە کۆبوونەوەکەدا خراونەتە بەرباس کە بریتی بوون لە پەیوەندیی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و بابەتی دواخستنی ئەو سکاڵایەی لەدژی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکراوە.
کۆبوونەوەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی خولی بوو، کە هەر سێ مانگ جارێک بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی و بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی دەکرێت.