رووداو دیجیتاڵ
هاتووچۆی دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند، لەنزیک گوندی سیارە لە رێگەی نێوان زەڕایەن - دەربەندیخان رووداوێکی سەختی هاتووچۆی لەنێوان پیکاپێک و بارهەڵگرێکی گەورەدا روویداوە و "2 کەس گیانیان لەدەستداوە" و شەشی دیکە بە سەختی بریندارن.
بە گوتەی موقەدەم پشتیوان عابد مەلا ساڵح، لێپرسراوی هۆبەی کارگێڕیی هاتووچۆی دەربەندیخان بۆ رووداو، لەنێو پیکاپەکەدا هەشت کەس هەبوون، کە ژن و منداڵ و پیاو بوون، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش "2 لە سەرنشینەکان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە."
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانیشەوە گوتی، برینەکانی "زۆر سەختە و بەو هۆیەوە رەوانەی دەربەندیخان کراون و نەتوانراوە رەوانەی سلێمانی بکرێن."
هاوکات سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان هەمان زانیارییەکانی هاتووچۆی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتیشی، ئەو خێزانە لە سلێمانییەوە بە مەبەستی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی ویستوویانە بچنە دەربەندیخان.
بەهۆی رووداوەکەوە، لەسەر رێگەی کەلار - سلێمانی ئاستەنگی هاتووچۆ و قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری رووداو کەوتووە، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە دوو پیاون، بریندارەکانیش سێ ژن، دوو منداڵ و پیاوێکن و برینەکانیان سەخت.
ئەو دوو هاونیشتمانییەی کە گیانیان لەدەستداوە، بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێری رووداو، برای یەکدین و ناویان رێبوار عەلی و عوسمان عەلی-یە، تەرمەکانیان گەڕێندرانەوە زێدی خۆیان و بەخاک سپێردران.
_
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ