خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی مەترسیی رووخانیان لەسەرە

05-02-2023
هۆرڤان رەفعەت
.
.
نیشانەکردن سلێمانی خانووە کەلەپوورییەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە سلێمانی زیاتر لە 100خانووی کەلەپووری هەن، کە زۆربەیان بەهۆی بێخزمەتییەوە خەریکە دەڕووخێن. رووداو زانیویەتی نۆژەنکردنەوەی چوار لەو خانووە کەلوپورییانە لە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە، بەڵام تائێستا بڕیاری خەرجکردنی بودجەیان بۆ دەرنەچووە.
 
لەتیف پۆڵس لەنێو کۆڵانێکی دێرینی گەڕەکی سابوونکەرانی سلێمانی بۆ خانووە کۆنەکەی کەریمی عەلەکە دەگەڕێت، کە لە خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانییە و جێپەنجەی ئەندازەیی شارستانی شارەکەی بابانی پێوەیە. بڕیاربوو پێش 11 ساڵ، حکومەت ئەم خانووە بکڕێتەوە و نۆژەنی بکاتەوە، بەڵام هێشتا هەر وەکو خۆی ماوەتەوە.
 
لەتیف پۆڵس ستیڤان، بریکاری نەوەکانی کەریمی عەلەکەیە و لەنێو خانووەکەدا بە رووداوی گوت "وارسەکانی کەریمی عەلەکە بە بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانیان گوتووە، خانووەکە با لای شوێنەوار بێت و ئەوان ئاگایان لێبێت بۆ ئەوەی نەڕووخێت. گوتیان ئێمە کێشەمان نییە کەی پارەکەمان دەدەنێ، تەنها ئاگاتان لێیبێت با نەڕووخیت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەبەرئەوەی هیچ بڕیاری فەرمییان لانییە، بەڕێوبەرایەتیی شوێنەوار نەهاتوون ئەوەش بکەن".
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی، کە ساڵی 2005 کراوە، لە سلێمانی 106 خانووی کەلەپووری تۆمارکراون، بەڵام تەنها 14ـیان کڕاونەتەوە و، زۆرینەی ئەوانەی دیکە یان رووخێندراون و کراون بە گەراج و باڵەخانە، یاخود بوونەتە وێرانە.
 
خانووەکانی ئەمین زەکی بەگ، وەهابی ماستفرۆش، حاجی براهیم ئاغای خەفاف کەسایەتییە دیارەکانی سلێمانی و چەند خانووەکەی دیکەش، هەمان گرفتی خانووەکەی کەریمی عەلەکەیان هەیە. 
 
رێباز مەحموود، ئەندازیاری بیناسازییە و سەرپەرشتیی بەشێک لە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری کردووە، لەبارەی تایبەتمەندی ئەو خانووانەوە دەڵێ "ئەو خانووە کەلەپوورییانە ئەگەر دارەڕاکەی ژێرەوەی یان بەشی سەرەوەی خانووەکە هەر شتێکی لێبێت، جا بەهۆی باران یان هەر کارەساتێکی سرووشتیی دیکە، ئەوا زۆر ئاسان دەڕووخێت و دادەتەپێ، چونکە کۆنن، بۆیە پێویستە زۆر بەزوویی بپارێزرێن".
 
بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی دەڵێت حکومەت خانووە کەلەپوورییەکانی سلێمانی پشتگوێخستووە. 
 
حوسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەری شوێنەواری سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە کە داوای ئەو بودجەیەمان کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانە هۆکارەکەی ئەوەبوو؛ لە لەناوچوون بیانپارێزین تاوەکو شووناسی ئەندازەیی خانووەکانی ئەم شارە بپارێزین، بەڵام بەم جۆرەی ئێستا، ناتوانین بیانپارێزین، هەروەها ئێمە خاوەن موڵکی ئەو خانووانە نین و نەشمان توانیوە قەرەبووی ئەو کەسانە بکەینەوە، کە رێگریمان کردووە لە رووخاندنی خانووەکانیان. ئەوان لە باشیی خۆیانە کە تائێستا خانووەکانیان هێشتووەتەوە".
 
نۆژەنکردنەوەی چوار لەو خانووە کەلەپوورییانەی سلێمانی خراوەتە پلانی 2023ـی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێکی خەرجکردنی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەکان پەسەند نەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە