ئەو کچە یوتیوبەرەی لە بەغدا کوژرا براکەی بە هەوڵی دەستدرێژیی سێکسی تۆمەتبار کردبوو


رووداو دیجیتاڵ 

تیبە عەلی، کچە مۆدێل و یوتیوبەری عێراقی تەمەن 24 ساڵ، دوای گەڕانەوەی لە تورکیا، لە دیوانییە لەلایەن باوکییەوە لە شرینیی خەودا خنکێندرا.
 
بە گوتەی هاوڕێکانی و تەنانە خۆیشی کە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، لە ماڵەوە رایکرد، چونکە براکەی ویستوویەتی دەستدرێژیی سێکسی بکاتەسەری، ئەو رۆشتنەی ساڵانێکی خایاند و لەگەڵ کوڕێکدا بە ناوی محەممەد لە تورکیا دەژیا، بەڵام دیار نییە کە هاوسەری بووە یان هەر خۆشەویست و هاوڕێی. 
 
باوکی تیبە دوای کوشتنی کچەکەی، خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و گوتوویەتی، بەرگەی ئەوەی نەگرتووە کە کچەکەی لەو ژیانە و بەمشێوەیە ببینێت.
 
حەفسە عامر، هاوڕێی تیبە و چالاکڤانی مافی ژنانە، دەڵێت: "براکەی پێشتر هەوڵیداوە دەستدرێژیی سێکسی بکاتە سەری، هەر لەبەر ئەو هۆکارەبوو، لەبەر ئەو ستەمەی براکەی بوو کە رایکرد."
 
چالاکڤانان لە بەردەم ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گردبوونەتەوە؛ داوا دەکەن بکوژی تیبە سزای قورس بدرێت، دەشڵێن، ئەو یاسایەی بۆ بکوژانی کچان و ژنان دانراوە بەناوی شەرەف، رێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی رۆژ لە دوای رۆژ بکوژانی ژنان و کچان زیاتر بێت نەک کەمی بکاتەوە.
 
حەنین تەمیمی، چالاکڤانە، دەڵێت: ئەو ماددەیەی کە تێدا کوشتن بەناوی شەرەف لەخۆدەگریت، نەبووەتە هۆی پاراستنی ژنان، بە پێچەوانەوە کوشتنی زیاتر کردووە، بۆیە داوا دەکەین وەک بکوژ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و ماددەی 406 بیانگیرێتەوە.
 
رۆزە حەمیدیش چالاکڤانێکی دیکەیە و بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کردووە؛ گوتی، "ئەو ماددەیەی ئێستا کارئاسانی دەکات بۆ کوشتنی ژنان، کوشتن بەناوی شەرەف لە یاسای عێراقدا هەیە، کەسێک ئەگەر خوشکەکەی بکوژێت یان هەر کچێکی نێو خێزانەکەی بکوژێت، زیندانی دەکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ و دواتر ئازاد دەکرێت." 
 
بەپێی مادەی 409 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ـی ساڵی 1969، هەر کەسێک بەناوی شەرەف ژنێک یان کچێک بکوژێت، سزاکەی زیندانیکردنە کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت.