کورسی پێکهاتەکان؛ گرفتی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
11 کورسییەکەی پێکهاتەکان دەبێتە گرفتی نوێ لەبەردەم بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لایەنەکان جگە لە پێکهاتەکان خۆیان و پارتی، دەیانەوێت کورسی پێکهاتەکان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشبکرێن.
ئەمڕۆش پێکهاتەی تورکمان بە ئامادەبوونی نوێنەرێکی یۆنامی کۆبوونەوە و پرسی رۆڵ و ماف و بەشدارییان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
رۆژی یەکشەممە 5-2-2023، مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشتگیری سیستمی یەک بازنەیی دەکات و بەهیچ شێوەیەک چوار بازنەیی و دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر ئەو بازنانە لە بەرژەوەندی پێکهاتەی تورکمان نییە و رەتیدەکەینەوە."
بڕیاربوو 1ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسایی هەڵبژاردن، نەتوانرا لەو وادەیەدا هەڵبژاردن بکرێت.
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و گوتی: "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت ئەوە ئامانجی ئێمەیە، نازانین چەند دەچینە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵدەدەین تا لێواری ئاگرەکە نەرمی بنوێنین، هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوەبین، بەڵام لایەنێک ئەگەر ویستی خۆی بکاتە ناو ئاگر ئێمە ناچارنین لەگەڵ ئەو بڕۆینە نێو ئاگر، ئەو کات ئێمە بڕیاری خۆمان دەبێت."
رۆژی 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 83 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە، ئێستاش یەکێتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، ناچنە هیچ هەڵبژاردنێکەوە کە لەسەرەتاوە 11 بە هیچ لێی دەربچن.
رەبیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی شێوازی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بە رووداوی گوت: "11 کورسی کۆتا هەیە وەک ئەوەیە ئێمە دەچینە نێو هەڵبژاردن و 11 بە هیچ دەست بە پڕۆسەکە دەکەین، 11 کوسی بە هەموویانەوە دەنگی یەک کورسییان نەهێناوە، هیچ یەکێکیش لەوانە نوێنەرایەتی راستەقینەی کەمینەکان ناکەن."
دوای زیاتر لە سێ مانگ لە ناکۆکی، 28ی مانگی رابردوو یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە، بڕیار بوو 4ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی دووەم بکرێت، بەڵام لەلایەن یەکێتییەوە هەڵوەشێندرایەوە.
بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی یەکێتی و پارتی تائیستاش هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەنراوە.