دەیان کەس لە کەرکووک نۆرە بۆ هێلکە، مریشک و ئارد دەگرن؛ 'نرخەکەی لە بازاڕ کەمترە'
رووداو دیجیتاڵ
دەیان کەس لەنۆرەدا وەستاون تاوەکو تەبەقەیەک هێلکە یان مریشکی بەستوو بەدەستبهێنن. لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق، وەزارەتی بازرگانی چوار جۆری خۆراک بە نرخی کەمتر لە بازاڕ بە خەڵکی ئاسایی دەفرۆشن.
لە کەرکووک بۆ ماوەی یەک هەفتە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت. ئەمین محەممەد، کارمەندێکی وەزارەتی بازرگانییە و بە رووداوی گوت: هێلکە تەبەقەی بە چوار هەزار و 500 دینارە، مریشک کیلۆی بە سێ هەزارە، شیریش دانەی بە هەزار دینارە، ئاردی سپی 25 کیلۆیی بە 18 هەزار و 500 دینارە.
لیژنەکانی وەزارەتی بازرگانی بڕێک خۆراکی سنووردار دەفرۆشن لە ترسی نەقۆستنەوەی دووکاندار و کاسبکاران تاوەکو لێیان نەکڕنەوە، لەبری ئەوە دەیانەوێت خەڵکی ئاسایی سوودمەندبن.
مستەفا عەبدولسەمەد، کاسبکارێکە لە کەرکووک و دەڵێت: قەیرانی دۆلار هەیە، دۆلار خەڵکی وێرانکرد، ئەم دەستپێشخەرییە باشە و دڵی خەڵک خۆش دەکات.
فازڵ یوسف، خانەنشینێکە لە کەرکووک و باسی لەوە کرد: نرخەکان کەمترن لە بازاڕ، کاریگەریی دەبێت بێگومان، بەڵام بڕێکی کەمە، لە سنوورێکی دیاریکراودا، دەبێت دابەشی بکەن هەر کامیۆنێک لەجێگەیەک بێت.
بەشێکی خەڵک بڕوایان وایە، هەڵمەتەکە کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر نرخەکان لە بازاڕ نابێت تاوەکو دۆلار هەڵبەز و دابەز بکات.
حوسێن ساحێب، کرێکارێکە لە کەرکووک و گوتی: سوودی بۆ ئێمە نییە، ئەوەی سوودی هەیە مەوادی خۆراکییە وەک، شەکر و سابوون و تایت، هەموو ئەوانە دەکڕین، خێزان هەیە ناتوانێت سابوون و تایت بکڕێت.
لیژنەکانی وەزارەتی بازرگانی جیا لەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان جێگیر دەکەن، بە ئۆتۆمبێلی بچووک بەنێو شاردا دەسووڕێنەوە؛ فرۆشیاران دەڵێن: ئەوەی پێداویستی سەرەکی رۆژانەیە تاوەکو دێت نرخی زیاد دەکات.