بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی چەمشکۆ دوو برا سووتان و گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کەمپی چەمشکۆی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاگر کەوتەوە و چوار خێمەی ئاوارەکانی شنگال سووتان. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایگەیاند، جگە لە زیانی ماددی دوو منداڵ سووتاون و گیانیان لەدەستداوە.

پیردەیان پیرجەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی چەمشکۆی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چوار خێمە سووتاون، "ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام بەداخەوە دوو منداڵ بە ناوەکانی حەکیم حەمزە و محەممەد حەمزەی دوو ساڵان و چوار ساڵان گیانیان لەدەستداوە. تەرمەکانیان بۆ دادپزیشکی زاخۆ گوازراونەتەوە."

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، ئەو چوار خێمەی سووتاون، "زیانە ماددییەکانیان نەخەمڵێندراون، بەڵام ئەو دوو منداڵەی گیانیان لەدەستداوە، برای یەکدین و ئاوارەی موسڵمانی شنگالن."

لە ماوەی سێ ساڵدا، نزیکەی 30 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپەکانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک هەبوون، بەهۆیانەوە نزیکەی 300 خێمە سووتاون، جگە لەوەش نزیکەی 10 کەس برینداربوون یان گیانیان لەدەستداوە.