رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڕیاری داخستنی نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە سەرکۆنە دەکات و رایدەگەیێنێت، بەو بڕیارە دەرکەوتووە کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "تەحەموولی هیچ کارێکی رۆژنامەگەری ناکات بە دڵی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە نەبێت و نایەوێت زانیارییەکانی ئەو ناوچەیە بگاتە جیهان."
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ساڵی رابردووشدا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەندینجار هێرشی "نائیتیکی و نایاسایی و تووندوتیزی کردووەتەسەر نووسینگە و کارمەندانی کەناڵی رووداو."
ئەمڕۆ شەممە 05-02-2022 فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رابگرین، هەموو مۆڵەتەکانی کارکردن و مۆڵەتەکانی ئەرکی رۆژنامەگەری کە دراون بە تۆڕەکە و کارمەندانی تۆڕەکە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لێیان دەسەندرێنەوە".
تۆڕی میدیایی رووداویش لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری داخستنی نووسینگەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە "تاوان" بەرامبەر ئازادیی کاری راگەیاندن ناوبرد و رایگەیاند، بڕیارەکە "بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت تۆڕی میدیایی رووداو لە گواستنەوەی هەواڵەکانی رۆژئاوای کوردستان بوەستێنێت و، ناتوانێت رۆژئاوای كوردستان و رووداو لێك جیابكاتەوە".
سەندیکای رۆژنامەنووسان رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر "بەم کارە شەرمەزاری و ئەزموونێکی رەشی لە ئازادیی رۆژنامەگەری و ناسەرکەوتووی تۆمارکرد."
لیژنەکەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان "سەرکۆنەی تووندی" ئەو کارانە دەکەن و دەڵێن، "وێڕای ئاگادارکردنەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی تووندمان، ئەوە بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوا دەڵێین کە هەرگیز بە داخستنی کەناڵی رووداو کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رۆڵی کاریگەری هەبووە لە گواستنەوەی زانیارییەکانی ئەو ناوچەیە بە جیهان، هیچ کاتێک ناتوانن درز لەنێوان خەڵک لە هەر چوار پارچەی کوردستان و رۆژئاوا دروستبکەن."
لە راگەیێندراوەکەیدا، سەندیکای رۆژنامەنووسان دەڵێت، "هیوادارین بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەم جۆرە کارانەیدا بچێتەوە و زیاتر لەوە ئیدارەکەیان لەکەدارنەکەن بە پرسی ئازادیی رۆژنامەگەری و رێگریکردن لە راگەیاندن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ