عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکو رابەری بزووتنەوە لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کامیل حاجی عەلی، بەربژێری رابەرایەتیی بزووتنەوە نەیتوانی دەنگی 50+1ـی کۆنگرەی حیزبەکە بەدەستبهێنێت، بەپێی پەیڕەوی حیزبەکە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەکو رابەری بزووتنەوە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە 05-02-2022 کۆنگرەی 12ـەمی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو. ئەحسەن حەسەن، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کامیل حاجی عەلی 264 دەنگی بەدەستهێناوە و 276 دەنگیش سپی بوون. بەو پێیەش نەیتوانیوە زۆرینەی سادەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
 
پێش بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی بە رووداویان راگەیاند، رێککەوتنیان واژۆکردووە کە ئەنجامی کۆنگرەکە هەرچییەک بێت، قبووڵیانە.
 
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، هەر لە سەرتاوە لەگەڵ کامیل حاجی عەلی بووە و هەتا مردن پێکەوە دەمێننەوە.
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 1987 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دامەزرا، ئێستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزووتنەوەکەیە. بزووتنەوەی ئیسلامی یەکەم حیزبی چەکداری ئیسلامی بوو تاوەکو ساڵی 2001 کە بڕیاریاندا چیدیکە چەکدار نەبن و ئاڵا و لۆگۆی حیزبەکەشیان گۆڕی و لە 2003 بەیەکجاری چەکیان دانا.