وێنە: فریاد ئیبراهیم - رووداو
ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 450 نوێنەر، 12ـیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆبوونەوەکە هەڵبژاردنی رابەر و هەموارکردنی پەیڕەو و ستراتیژیی حیزبەکەیە.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری ئێستای بزووتنەوە پێداگرە لەسەر ئەوەی خۆی بەربژێر نەکاتەوە. لە بەرامبەردا کامیل حاجی عەلی تاکە بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە و پێویستی بە دەنگی 50+1ـی ئەندامانی کۆنگرەیە. ئەگەر بەربژێرەکە ئەو رێژەیە بەدەست نەهێنێت، ئەوا رابەری پێشوو لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت.
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر رێککەوتنیان واژۆکردووە کە ئەنجامی کۆنگرەکە هەرچییەک بێت ئەوان قبووڵیانە و لەگەڵ بەربژێری رابەرایەتیش "هەتا مردن" لەگەڵ یەک دەبن.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 1987 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و بە سەرکردایەتیی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دامەزرا، ئێستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزووتنەوەکەیە. بزووتنەوەی ئیسلامی یەکەم حیزبی چەکداری ئیسلامی بوو تاوەکو ساڵی 2001 کە بڕیاریاندا چیدیکە چەکدار نەبن و ئاڵا و لۆگۆی حیزبەکەشیان گۆڕی و لە 2003 بەیەکجاری چەکیان دانا.