رووداو هەولێر
ئەو 171 رووفاتەی کە لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە دەرهێنران، کاری پشکنینیان تەواو بووە و بۆ گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ئامادەن.
سالار مەحموود، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە مەبەستی بەدواداچوونی کارەکانی پشکنینی 171 رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە، سەردانی پەیمانگەی پزیشکیی دادوەریی بەغدام لە ناوچەی بابولموعەزەم کرد".
ئەو راوێژکارەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق باسی لەوە کرد، بەپێی راپۆرتی بەڕێوبەری پزیشکیی دادی بەغدا کاری پشکنین بۆ رووفاتەکان تەواوبووە و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی شەهیدانی حکومەتی عێراق بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداردەکەنەوە.
سالار مەحموود ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا پشکنینی DNAـیان بۆ نەکراوە، چونکە نموونەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان لا نییە. گرفتێک لەم پرۆسەیەدا هەیە، نموونەی کەسوکاری ئەنفالەکان وەرنەگیراوە کە دەبوو لەدوای راپەڕینەوە ئەو کارە لە کورستان بکرایە، یان لەگەڵ هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکاندا ئەو کارە بکرایە".
راوێژکارەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق ئەوەش دەخاتەڕوو، رووفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی کۆجۆی شنگالیش کە لە ئاداری ساڵی 2019دا دەرهێنران، پشکنین بۆ 64یان کراوە.
هاوکات سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ پەیمانگەی پزیشکیی دادوەریی بەغدا بەردەوام لە پەیوەندیدابووین و لە 02-02-2020ـدا پرۆسەی وەرگرتنی نموونەی ئێسک بۆ 172 رووفاتی گۆڕەکەی سەماوە کۆتاییهاتووە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژەی بەوە کرد، "دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ هێنانەوەی رووفاتەکان و ئەگەر هیچ کێشەیەک بۆ وەزارەتی شەهیدان نەیەتەپێشەوە، لە 14-4دا کە رۆژی ئەنفالە رووفاتەکان دەهێنینەوە هەرێمی کوردستان".
27ـی تەمموزی 2019 تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوانی سەردەمی بەعسیان لە سەماوە هەڵدایەوە و 172 رووفاتی تێدابوو، رووفاتەکان گوسترانەوە بۆ پەیمانگەی پزیشکیی دادوەریی بەغدا بۆ پشکنین، بەڵام هێشتا چەند گۆڕێکی دیکە لەو ناوچەیە ماون هەڵبدرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ