تورکیا پاکێجێکی نوێ بۆ کێشەکانی باکووری کوردستان رادەگەیێنێت

رووداو- هەولێر

شرۆڤەکار و شارەزایەکی کاروباری سیاسی تورکیا دەڵێت: "کێشەو ئاڵۆزییەکانی باکووری کوردستان ناکەوێتە ئەستۆی تەنیا لایەنێک، پارتە کوردییەکان لە باکووری کوردستان و حکومەتی تورکیا بەرپرسن لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی باکووری کوردستان".

مستەفا شەفیق، شرۆڤەکار و شارەزای کاروباری سیاسی تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی رووداو رایگەیاند: "کێشەو ئاڵۆزییەکانی باکووری کوردستان ناکەوێتە ئەستۆی تەنیا لایەنێک و کێشەکە دوولایەنەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورکیا بەدرێژایی ماوەی80 ساڵە دان بەمافی کورد دانانێت و نکۆڵی لێدەکات، بەڵام ئێستا پاشگەزبووەتەوە، هەروەها لایەنی دیکەش هەن کە دەیانەوێت ئێستا ئەو کێشانە چارەسەربکەن".

گوتیشی: "بەگشتی پارتە کوردییەکان لە باکووری کوردستان و حکومەتی تورکیا بەرپرسن لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی باکووری کوردستان.

ئەو شرۆڤەکارە و شارەزایەی بواری سیاسی تورکیا هەروەها گوتی " ئاکپارتی وەک پارتێکی باڵادەست و فەرمانڕەوا لە تورکیا کە نزیکەی 13 ساڵە لەتورکیا دەوڵەت بەڕێوەدەبات، سەرەتا هەنگاوی باش وجددی دەستپێکرد و شوێنی هیوا بوو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵام بەداخەوە بینیمان ئاکپارتی کێشەکانی لەبری چارەسەرکردن گواستەوە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخی ئەمنی و سەربازی".

مستەفا شەفیق پێیوایە: "لەگەڵ ئەوەشدا ئاکپارتی و هەدەپە بەرپرسی یەکەمن لە شکستهێنانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ئەو پرۆسەیەش لە تورکیا شکستیهێناوە و دەرەنجامەکانیشی بۆ گەلی کورد لە تورکیا بە قورسی تەواو دەبێت".

بە گوتەی مستەفا شەفیق: "حکومەتی تورکیا پاکێجێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی باکووری کوردستان ئامادەکردووە کە بریتییە لە 300 ماددە، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ناوەڕۆکی پاکێجەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بریتییە لە پرسەکانی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی".

ئەو شارەزایە لە کاروباری تورکیا باسی لەوەش کرد کە: "ئەوەی جێی پرسیارە و بەهەڵە دادەنرێت ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا و ئاکپارتی لەکاتی ئامادەکردنی ئەو پاکێجە بۆچوونی لایەنەکانی بەرامبەریان وەرنەگرتووە، یەکێک لە هەڵەکانی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا ئەوەیە کە بۆ پرسکردنی کێشەکان تەنیا راوێژ بەو کەس و لایەنانە دەکەن کە لەئاکپارتی نزیکن ئەوەش سیاسەتێکی هەڵەیە".

بەگوتەی مستەفا شەفیق: " ئاکپارتی لەماوەی 13 ساڵی رابردوودا ناڕاستەوخۆ دانی بە مافەکانی کورد دانا بەڵام دواتر لێی پەشیمان بووەوە، ئاکپارتی لەرابردوودا هەنگاوی باشی ناوە لە تورکیا ئەگەرچی تورکیا بەدۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەنگاو و کارەکانی ئاکپارتی بە نیوەچڵی و تەواو نەکراوی ماونەتەوە".

گوتیشی: "لە تورکیا بەبێ ئۆجەلان و پەکەکە هیچ بڕیار و هەنگاوێک بۆ کورد چارەسەر نابیت".