تەرمی ژمارەیەك كۆچبەر دەگەیێندرێنەوە باشووری کوردستان

رووداو- هەولێر

بڕیارە تەرمی 25 کۆچبەری کورد لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگەڕێندرێنەوە باشووری کوردستان.

نەزهەت حوسێن، بەرپرسی پەنابەران و رەوەندی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی شەممە 6-2-2016، تەرمی 25 کۆچبەری کورد لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".

نەزهەت حوسێن راشیگەیاند: "ئەو 25 تەرمە لە وڵاتی یۆنانن و رێکارە یاساییەکانیان تەواوکراون،  ئێوارەی رۆژی شەممە دەگەڕێندرێنەوە باشووری کوردستان".

بەگوتەی بەرپرسی پەنابەران و رەوەندی کوردی، کاژێر 02:00ی شەوی شەممە، ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو خنکاوانە لە یۆنانەوە بەرەو باشووری کوردستان دەگەڕێنەوە.

ئەو 25 تەرمە هی ئەو کۆچبەرانەن کە لەماوەی مانگی رابردوودا، لەکاتی رۆیشتنیان بۆ ئەوروپا لە دەریای ئیجە خنکاون و تەرمەکانیان لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری یۆنانەوە لە دەریای ئیجە دەرهێندراون.

رووداو زانیویەتی 20 لەو خنکاوانە خەڵکی پارێزگای دهۆکن و پێنجیشیان خەڵکی هەولێر و سلێمانین.

دوای لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی خنکاون و تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، هەر 25 تەرم لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە باشووری کوردستان.